گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فڕۆکەى بێفڕۆکەوان

ئەمریکا سیستمێکی بەرگریی لە فڕۆکەخانەی هەولێر دادەمەزرێنێت

2021.09.14 - 14:43
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا سیستمێکی بەرگریی لە فڕۆکەخانەی هەولێر دادەمەزرێنێت

ناس کورد-

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە (ئەیلول) سیستمێکی بەرگریی بەهێز دادەمەزرێنن بۆ پاراستنی بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سکۆت دیسۆرمۆ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان (14ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاند، هاوپەیمانان هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تێکدەشکێنن کە بەسەر بەسەر فڕۆکەخانەکەدا دەسوڕێتەوە، "جا چ هێرشبەر بێت یاخود نا."


دیسۆرمۆ جەحتی کردەوە کە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا سیستمێکی بەرگری بۆ پاراستنی بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەکە دادەمەزرێت، هەروەها کشانەوەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاش ئەنجام دەدرێت.

 

هێشتا کاردانەوەى هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوامە، کونسوڵخانەی ئەمریکا بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد و بە هەڕەشە بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق ناوی برد، وتەبێژی هاوپەیمانیش جەختیکردەوە کە هێرشەکە زیانی گیانی و ماددی نەبووە.

 

گروپە شیعییە چەکدارەکانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرمی و نافەرمییەکانیان ڤیدیۆی ساتی هێرشەی شەوی ڕابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێریان بڵاوکردەوە کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام درابوون.   

  

  

واین ماروتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق وردەکاری هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێری ئاشکرا کرد و دەڵێت، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە بەڵام هیچ زیانی نەبووە.    

  

ماروتۆ لە تویتێکیدا (12ی ئەیلولی 2021) نوسیویەتی، "نزیکەی کاتژمێر 11:43 خولەکی شەوی ڕابردوو بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر هێزەکانمان لە هەولێر، ئەوانیش ڕێکاری پاراستنی پێویستیان گرتەبەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خرانەخوارەوە".    

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لە فڕۆکە تێکشکێنراوەکان کەوتە ناو سنووری بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکەی دیکەش کەوتە دەرەوەی سنوری بنکەکە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە".    

  

واین مارۆتۆ ڕاشیگەیاند، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، "سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات".    

هەروەها دەشڵێت، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سیڤیل، هێزە هاوبەشەکانمان لە سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.