گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سەختترین لێپرسینەوە’’

جەماوەری بایدن هاڕەی كرد و ترەمپ بەنیازە خۆی كاندید بكات

2021.09.13 - 18:18
App store icon Play store icon Play store icon
جەماوەری بایدن هاڕەی كرد و ترەمپ بەنیازە خۆی كاندید بكات

ناس کورد-

 

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریكی بڵاویكردەوە كە جەماوەری جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا بەهۆی شێوازی كشانەوەی ئەمەریكاوە لە ئەفغانستان داكشاوە بۆ ئاستێكی نزم و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووش ئاماژەی بەوەكردووە بەنیازە لە 2024 خۆی كاندید بكاتەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پاشەكشەی جەماوەری بایدن لە كاتێكدایە هێشتا "سەختترین لێپرسینەوەی كۆنگرێس" لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەنتۆنی بلینكن دەستی پێ نەكردووە لەبارەی بەجێمانی هاوڵاتیانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و ئەو شپرزەییەی لەكاتی كشانەوەدا ڕوویدا بە گوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی ئەكسیوسی ئەمەریكی كە "ناس كورد" بینیویەتی (13ی ئەیلولی 2021). 

 

ماڵپەڕەكە باسی لەوەش كردووە تاوانباران و خەڵكانی داواكراو خۆیان خزاندووەتە ڕیزی ئەوانەی گواسترانەوە لە كابول بۆ وڵاتانی كەنداو و ئەڵمانیا و وەزارەتی دەرەوەش نەیتوانیوە ورد بێت لە پرۆسەكەدا، ئەمەش دەبێتە بوارێكی فراوانی ڕەخنەی كۆنگرێسمانەكان. 


هەر لەم میانەیەدا میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویانكردەوە دۆناڵد ترەمپ لە میانەی بەشداریكردن لە ساڵیادی 11ی سێبتەمبەر لە گفتوگۆ لەگەڵ پیاوانی ئاگركوژێنەوە و ئەوانەی لێی كۆبوونەوە نەیشاردووەتەوە كە رەنگە لە 2024 خۆی كاندید بكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.

 

ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو كە لە كشانەوەی ئەفغانستاندا بایدن زیاتر وەك "گەمژە" دەركەوت، لەبەرانبەر ئەمەشدا ئیدارەی بایدن بەنیازە شكستی ئیدارەكانی پێش خۆی لە دۆسیەی ئەفغانستان ئاشكرا بكات و ئۆباڵی رێككەوتن لەگەڵ تالیبان بەوجۆرە بخاتە ئەستۆی ئیدارەی ترەمپ كە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیە لە قەتەر بەڕێوەبرد تا گەیشتە واژۆكردنی رێككەوتنی دەوحە.