گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو حزبی کوردی یەکدەگرنەوە

2021.09.13 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
دوو حزبی کوردی یەکدەگرنەوە

ناس کورد- 

لەدوای چەند ساڵێک لە جیابوونەوە و کارکردن بە جیا، لەئێستادا هەردوو حزبی "کۆمەڵە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرقاڵی دانوستانن بۆ یەکگرتننەوە و سەبارەت بە سەرۆکایەتی حزبەکەش بەرپرسێکیان دەڵێت، ئەوان بڕوایان بە سیستمی هاوسەرۆکی نییە و پێیانوایە سیستمێکی سەرکەوتوو نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

"کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" و "کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" ئەو دوو حزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە ساڵانێکە بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانە و بە جیا کاری حزبی دەکەن.   

  

ناسر چەورۆکە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (دووشەممە 13ی ئەیلولی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەئێستادا هەردوولا سەرقاڵی دانوستان و گفتوگۆین بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵەکە و بەرەوپێشچوونی زۆر هەیە."   

  

وتیشی، "پێشتریش دوو جاری دیکە هەوڵی یەکگرتنەوە دراوە، بەڵام ئەمجارە کارەکان جدین و هەردوولا بەڕاستی یەکگرتنەوەیان دەوێت و ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن کە یەکگرتنەوەی هەردوو حزب دەبینین."   

  

لەبارەی چۆنێتی یەکگرتنەوەکە، ناسر چەورۆکە باسی لەوەکرد، "تاوەکو ئێستا زیاتر باسی سیاسەت و پلان و ئامانجی کارکردن کراوە کە دوای یەکگرتنەوە چۆن کار بکەین و هەردوولا نزیکین لەیەک."   

  

ڕوونیشیکردەوە، "ئەوەی جیاوازە ئەمجارە لە سەر بنەمای  دابەشکردنی پلە و پۆست و بەشخوازی نەکراوە و نامانەوێت بەم رێچکەیەدا بڕۆین، بەڵکو مەبەستی سەرەکی بەهێزبوونی کۆمەڵەیە بە گشتی وەک حیزب و کۆنسێپتە سیاسیەکەی."  

  

سەبارەت بەوەی کە لەدوای یەکگرتنەوە ئایا دەکرێت سیستمی هاوسەرۆکی لە کۆمەڵەدا پەیڕەو بکرێت، ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "سیستمی هاوسەرۆکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتوو نەبووە و لای بەرپرسانی هەردوولا ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو ناکەن."   

  

لەبارەی کاتی یەکگرتنەوەش، ناسڕ چەورۆکە هیچ وادەیەکی ئاشکرانەکرد و باسی لەوەکرد، "کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ یەکگرتنەوەکە، بەڵام کاتەکەی دوور نییە."   

 

دامەزراندنی کۆمەڵە  

  

کۆمەڵە لە ساڵی 1969 و لەسەردەمی شای ئێراندا لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری کوردی زانکۆی تاران بە سەرۆکایەتی فواد مستەفا سوڵتانی دامەزرا و سەرەتا بە نهێنی کاری دەکرد، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ڕوخانی شا لە ساڵی 1979وە بە ئاشکرا دەستی بە چالاکی سیاسی کرد.   

  

لە ساڵی 1982 حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی پێکهێنا و کۆمەڵە بووە باڵی کوردستانی حزبەکە و تا ساڵی 2000 بەوشێوەیە مایەوە، بەڵام لەو ساڵەدا ڕەوتی ساغ کردنەوەی کۆمەڵە بە سەکردایەتی عومەری ئیلخانیزادە و عەبدوڵا موهتەدی هاتنە دەرێیان لە حیزبی کۆمۆنیست ڕاگەیاند و  باڵی خۆیان جیاکردەوە.   

  

دواتر لە ساڵی 2007-یش جارێکیتر لە جیابوونەوەیەکی دیکەدا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتی عومەر ئێلخانیزادە پێک هات و لەئێستادا بەمشێوەیەیە:   

  

كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی عەبدوڵای موهتەدی.  

  

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتی عومەری ئیلخانیزادە.