گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

فەتحی حەشدی شەعبی پاڵێوراوێكی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران خستەڕوو

2021.09.12 - 16:45
App store icon Play store icon Play store icon
فەتحی حەشدی شەعبی پاڵێوراوێكی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران خستەڕوو

ناس کورد-

هاوپەیمانی فەتحی سەر بەهێزەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند كە ئەوان هادی عامری كاندید دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیران، ئەمە لە كاتێكدا هەریەك لە مالیكی و سەدرییەكان و بەرەكەی حەكیم و عەبادی چاویان لەسەر ئەو پۆستەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەبو میساقی مەساری سەركردە لە هاوپەیمانێتی فەتح كە گرنگترین رایەڵەكانی حەشدی شەعبی كۆكردووەتەوە لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (12ی ئەیلولی 2021) جەختی كردەوە ئەوان هادی عامری كاندید دەكەن بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، چاوەڕوانی هەڵكشانی دەنگەكانیشیان دەكەن بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لەژمارەی ئێستا كە 45_ 48 كورسییە. 

 

هاوپەیمانی فەتح جگە لە رێكخراوی بەدر، باڵی سیاسی بزوتنەوەی عەسایبیش لەخۆ دەگرێت بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی لەگەڵ گروپەكانی نزیك لە ئێران.



ئەعرەجی لە دیمانەیەکی تەلەفزێونیدا کە “ناس کورد” بینیویەتی (6ی ئەیلولی 2021) جەختیکردەوە لەو پاڵێوراوانەی شیعە کە هەن مستەفا کازمی بە ڕێژەی 80% چانسی هەیە قۆناغی داهاتوو ببێتە سەرۆک وەزیران چونکە لەلایەک شایستەیە لە لایەکیتر لایەنە شیعەکان ناتوانن لەسەر کەسی نوێ بگەنە ڕێککەوتن.  

  

پێشترڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنی بڵاویكردەوە، لیژنەیەكی حەوت قۆڵی هێزە شیعەكان سەرقاڵی تاوتوێكردنی چەند ناوێكن بۆ بەشداریكردن لە كێبەركێی داهاتووی سەرۆكایەتی وەزیران بەڵام لەناویاندا مستەفا كازمی دوو پاڵپشتی گەورەی هەیە.  

  

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە (4ی ئەیلولی 2021) كە "ناس كورد" بینیویەتی باس لەوە دەكات شیعەكان پێداگرن كاندیدی سەرۆكایەتی وەزیران لە رێگەی ئەوانەوە پێشكەش بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی حەوت قۆڵی دەستبەكارە، بەڵام موقتەدا سەدر سوورە لەسەر ئەوەی ئەو سەرۆك وەزیران كاندیدی بكات چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بەوپێیەی گەورەترین لیست دەبێت لە قۆناغی داهاتوو.    

  

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، ئەوانەی تا ئێستا ناویان هاتووە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لە خولی پێنجەمی داهاتوو، بریتین لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی، عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووتری نەجەف، محەمەد شیاع سودانی، وەزیری پێشووتری كاروباری كۆمەڵایەتی و نزیك لە نوری مالیكی، بەڵام لەپاش گەڕانەوەی سەدرەوە بۆ كێبەركێی هەڵبژاردن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا لەهەموویان چانسی زیاترە چونكە جگە لە سەدر پشتیوانی مەسعود بارزانیشی هەیە.    

  

ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە عەرەبی و بیانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن مستەفا كازمی جێگەی ڕەزامەندی وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی هاوپەیمانی هاوكاری عێراقە لە شەڕی داعش بەتایبەت وڵاتە یەكگرتووەكان، ئەگەرچی بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەشی نەكردووە بەڵام كاندیدكردن و پشتیوانیكردنی لەلایەن هەندێك لیستی شیعەو كورد و سوننەوە بەدوور نازانرێت بەوپێیەی لەدۆخی كۆرۆنا و داڕمانی باری داراییدا سەركردایەتی عێراقی كردووە و پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ پێكهاتەكان و هەڵوێستێكی بێلایەنانەی هەبووە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  

 

زیاتر بخوێنەرەوە: ئەعرەجی: کەسایەتییەک 80٪؜ چانسی هەیە ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو