ناس کورد-
پۆلیسى هەولێر ڕایگەیاند، ئەو ژنەى لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا لە هۆتێلێکى شارى هەولێر خەڵکى سلێمانییە و بە هۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
درەنگانى شەوى رابردوو ژنێک لە هۆتێلى (اربیل گراند) لە هەولێر بەفیشەک کوژرا و پۆلیسیش مێردەکەى لەسەر رووداوەکە دەستگیرکرد.
هۆگرعەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ى ئەیلولى 2021) بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند "لەیلان ئازاد محەمەد و هاوسەرەکەشى خەڵکى سلێمانین و ماوەیەکە هاتونەتە شارى هەولێر".
وتیشى "بە هۆى ئەوەى کێشەیەکى خێزانیان هەبووە نەگەیشتونەتە ئەنجام و هاوسەرەکەى هەستاوە بە ئەنجامدانى ئەو تاوانە".
دواى دەستگیرکردنى هاوسەرى ئەو ژنە لەلایە پۆلیسەوە رادەستى نوسینگەی نەهێشتنی تاوان بەشی کوشتن کرا، بەڵام دۆسیەکە هەر لەهەولێر ماوەتەوە و رەوانەى سلێمانى نەکراوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى ئەمڕۆ پێنجشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، ئەو دۆسیەیە رەوانەى سلێمانى نەکراوە، ئەگەر کەسوکارى ژنەکەش سکاڵا تۆماربکەن دەبێت بچنە هەولێر، چونکە رووداوەکە لەوێ روویداوە.