گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’زۆرینەیەکی مشەخۆر’’

وەڵامێکى توند لە میدیاى سەرۆکى حکومەتەوە بۆ ناڕەزاییەکانى بڕینى موچەى پلە تایبەتەکان

2021.09.08 - 14:57
App store icon Play store icon Play store icon
وەڵامێکى توند لە میدیاى سەرۆکى حکومەتەوە بۆ ناڕەزاییەکانى بڕینى موچەى پلە تایبەتەکان

ناس کورد-

 

میدیاى سەرۆکى حکومەت بڵاویکردەوە، رەنگە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی هەندێک کەس بکەونە بەرێ و موچەیان ببڕدرێ کە شایەنی ئەوە بن زیاتر وەربگرن، بەڵام ئەوانە کەمینەیەکن و باجی زۆرینەیەکی مشەخۆر دەدەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵى "کوردستان 24" ئەمڕۆ لە وتارێکدا کە لەسەر پێگەى فەرمى خۆى بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتى، "لەگەڵ هەر هەنگاوێک لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەندێک دەنگی ناڕازی بڵند دەبن و رەخنەی لێدەگرن و هەوڵدەدەن هەنگاوەکە بۆ دواوە ببەنەوە، بەڵام پێداگری و سووربوونی سەرۆکی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ئامادەکاری بۆ چوونەپێشی هەنگاو و قۆناغێکی دیکە دەکرێ، نەک پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە".

 

دەشڵێت "رەنگە لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەندێک کەس بکەونە بەرێ و مووچەیان ببڕدرێ یان دەستکاری بکرێ کە شایەنی ئەوە بن لەو مووچەیە زیاتر وەربگرن و ئیمتیازاتی زیاتریان پێبدرێ، کە ئەوانە بە دڵنیاییەوە کەمینەیەکن و باجی زۆرینەیەکی مشەخۆر دەدەن کە چەندین ساڵە لە مووچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆر تێرنەبووینە و هێشتا دەڵێن: ”هل من مزید”".

 

"ئەو ناڕەزاییانە زیاتر لەو سیاسیانە دەبیسترێ کە ساڵانی خەبات و قوربانیدانیان بە قەبارەی مووچەکەیان دەپێون، لەو کەسانەش کە بەبێ ئەوەی رۆژێک فەرمانبەری حکومەت بن، پلە و پۆست و مووچەی تایبەتیان بۆ بڕاوەتەوە، ئەوانە تەنها نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکەن کە چەندین ساڵە لەو ئیمتیازاتە نا یاساییانە بەهرەمەند بووینە، لە دژی ئەو پڕۆسەیەشن کە لە بەرژەوەندی ئەو زۆرینەیەدان کە هاواریان لە دەستی ناعەدالەتی و گەندەڵی دەچووە بەڕەکەی ئاسمان".

 

ماوەى چەند رۆژێکە بڕینى موچەى ئەو کەسانەى بە پلەى تایبەت خانەنشین کرابوون و لەو پلەیەدا نەبوون لەلایەن حکومەتەوە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە.

 

خانەنشینی پلە تایبەتەکان

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی هەرێم، تا ئێستا پێداچوونەوە بە دۆسیەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان کە ژمارەیان هەزار و 839 کەسن زیاتر لە 60%ی کۆتایی پێهاتووە، موچەی 42 وەزیر بڕاون چونکە وەزیر نەبوون.  

 

ئاماری پلە تایبەتەکانی خانەنشین کە مووچەیان هەموارکراوەتەوە بەمشێوەی خوارەوەیە:  

1. بەرێوەبەری گشتی
(369) سێ سەدو شەست و نۆ دۆسیەی بەرێوەبەری گشتی هەموارکراوەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نیە تەواو بووە مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە.  

2. راوێژکار
(193) سەدو نەوەد و سێ دۆسیەی ڕاوێژکار هەموارکراوەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نیە تەواو بووە مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە.  

3. بریکاری وەزیر
(74) حەفتا و چوار دۆسیەی بریکاری وەزیر هەموارکراوەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نیە تەواو بووە مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە.  

4. وەزیر
(140) سەدو چل دانە دۆسیەی وەزیر مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە بە ڕێژەی (%25) کاتێک راژەیان هێناوە بە گوێرەی راژەکەیان مووچەیان بۆ راستدەکرێتەوە جیاوازی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت نابێت ڕێژەی مووچەیان لە (%50) زیاتر بێت .
5. ئەندام پەرلەمان
(394) سێ سەدو نەوەد و چوار دۆسیەی ئەندام پەرلەمان مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە بە ڕێژەی (%25) کاتێک راژەیان هێناوە بە گوێرەی راژەکەیان مووچەیان بۆ راستدەکرێتەوە جیاوازی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت نابێت ڕێژەی مووچەیان لە (%50) زیاتر بێت .  

کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی کەهەموار کراوەتەوە کە دەگاتە 1170 دانە ئەم بە پێی یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 مووچەکانیان بۆیان خەرج کراوە.  

ئاماری پلە تایبەتەکانی خانەنشین کە مووچەیان ڕاگیراوه  

1. بەرێوەبەری گشتی
(396) سێ سەدو نەوەد و شەش دانە دۆسیەی بەرێوەبەری گشتی دۆسیەکانیان خزمەتیان تێدانیە مووچەکانیان ڕاگیراوە کە بە بڕیاری تایبەت خانەنشین بوون.  

2. راوێژکار
(145) سەدو چل و پێنج دۆسیەی راوێژکار مووچەکانیان راگیراوە چونکە دۆسیەکانیان خزمەتی تێدانیە تاکو ڕاژەکانیان نەهێنەوە مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت بەڵام لەکاتی هێنانەوەی ڕاژەیان کە بوو بە 15 ساڵ مووچەکانیان بۆ راستدەکرێتەوە جیاوازی مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.  

3. بریکاری وەزیر
(86) هەشتا و شەش دۆسیەی بریکاری وەزیر مووچەکانیان راگیراوە چونکە دۆسیەکانیان خزمەتی تێدانیە تاکو ڕاژەکانیان نەهێنەوە مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت بەڵام لەکاتی هێنانەوەی ڕاژەیان کە بوو بە 15 ساڵ مووچەیان بۆ راستدەکرێتەوە جیاوازی مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.  

4. وەزیر
(42) چل و دوو دۆسیەی وەزیر مووچەکانیان ڕاگیراوە چونکە بە فعلی وەزیر نەبوونە بەڵام لە هەمان کاتدا پێشمەرگە بوونە لەرێزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان کاتێک ڕاژەی پێشمەرگاتیان هێناوە مووچەیەک بە شایستەی خۆیان لە خانەنشینی پێشمەرگە بۆ دابین دەکرێت.  

کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی کە ڕاگیراوە کە دەگاتە 669 دانە ئەم مانگە مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت چونکە بە پێی یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 ڕاژەیان تێدانیە یاخود لە ١٥ ساڵ کەمترە.