گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەک لە حکومەتی هەرێم دەکەن

حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی هەڕەشەکەی سوپای پاسدارانیان دایەوە

2021.09.07 - 12:29
App store icon Play store icon Play store icon
حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی هەڕەشەکەی سوپای پاسدارانیان دایەوە

ناس کورد-

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێڕاق و هەموو لایەنەکان سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران 

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

 

بە گوێرەی ئاگادارییەک کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی کارنامەی ڕەشی پڕ لە تاوان و پەلاماردان و کاولکاریی خۆیدا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە دەکرێنە ئامانج و لێیان دەدرێت.

 

لە کەس شاراوە نییە کە ئەو شوێنانەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لێدانیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنی و لەوانە سەدان ژن و منداڵی پەنابەرە کە بەهۆی سیاسەتی مرۆڤکوژانە و سەرکوتکارانەی ئەو ڕێژیمە ئازادیکوژە خاک و وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە.

 

لە لایەکی دیکەشەوە بوونی خەباتکارانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تەنیا بیانوویەکی پووچە بۆ کاولکاری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیم و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیکردنی ماف و مەوجوودیەتی نەتەوەی کورد هیچ پێویستی بەوە نییە دژایەتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە بیانوو، چوونکە هەموان دەزانن کێشەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ سەقامگیری و تەناهی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستانە و لەو بوارانەشدا کە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە نەبووە، ئەو دوژمنکارییەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت گەلی کوردەوە هەر بووە و لە داهاتووشدا هەر دەبێت.

 

دیارە ئەوە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکەدا دەکات و ئەو ڕێژیمە بە خولقاندنی کارەسات و کوشتن و تێرۆر و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی خووی گرتووە و شوناسی خۆی لەگەڵ قەیران و ناسەقامگیری گرێ داوە.

 

ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپیری هەڵبژاردنێکی گشتی دەچن و هەموو هەوڵی بەرپرسانی سیاسی و لایەنە حیزبی و حکوومییەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسیی هەڵبژاردن لە عێراقدایە و ئەم هەڕەشەیەی ڕێژیمی ئێران دەکرێ بە هەوڵێکی دوژمنکارانە بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و شڵەقاندنی کەشی سیاسی بە مەبەستی ئاسانکردنی دەستێوەردانەکانی خۆی لێک بدرێتەوە.

 

کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا تووشی دەیان قەیرانی چارهەڵنەگر بووە و لە ماوەی تەمەنیدا وا ڕاهاتووە کە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەریی قەیرانێک، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. هەربۆیە ئەمجارەش بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر تاوان و دەستدرێژییەکانی، پێی وایە بە چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی مەدەنی و هەڕەشە لە ماڵ و حاڵی پەنابەرانی سیاسی، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دابنێت و بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نائاساییدا کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵک و هەر جۆرە تاوانێک دژ بە مرۆڤایەتی و زیانگەیاندنێک بە ژینگەی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێ و داوا لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان، لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٥ی خەرمانانی ۲۷۲۱ی کوردی

٦ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی