گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پاسداران دەستی بە جموجۆڵ کرد’’

هەڕەشەکەی سوپای پاسداران لە هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا بۆ؟

2021.09.06 - 15:42
App store icon Play store icon Play store icon
هەڕەشەکەی سوپای پاسداران لە هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا بۆ؟

ناس کورد- 

لەگەڵ هەڕەشەکەی ئێران بۆ هێرشکردنەسەر بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، سوپای پاسداران جموجوڵی لە ناوچە سنورییەکان دەستپێکردووە، بەرپرسێکی کۆمەڵەش داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات هەڵوێستیان هەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئەیلولی 2021، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری توندی دایە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، کارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دروستکردنی نائارامی لە ناوچە سنورییەکانی ئێران قبوڵنەکراوە و وەڵامیان دەبێت. 

 

هەڕەشەکەی فەرماندەی سوپای پاسداران دوو ڕۆژ پێش سێیەمین ساڵیادی هێرشە خوێناوییەکەی سەر بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانە لە کۆیە کە لە 8 - 9 - 2018 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایەسەر بارەگای هەردوو حزبی دیموکرات لە کۆیە و تیایدا زیاتر لە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 40 کەسی دیکەش برینداربوون. 

 

ناس کورد لەزاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیویەتی، سوپای پاسداران لە ناوچە سنورییەکان دەستی بە جموجوڵ کردووە و وەک نمایشی سەربازی خۆیان نیشان دەدەن و لە پێشووتر زیاتر دەبینرێن. 

 

لەوبارەیەوە عەتا ناسر سەقزی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت، "ئەم هەڕەشەیەی سوپای پاسداران پەیامیکە لەگەڵ ساڵیادی هێرشی سەر حزبی دیموکرات لە کۆیە و هەروەها ساڵیادی لە سێدارەدانی سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە." 

 

وتیشی، "پەیامەکە بۆ ترساندنی ئێمەیە و تەنانەت ترساندنی خەڵکی هەرێمی کوردستانیشە، چونکە داوایان لە خەڵک کردووە لە بارەگەکانی ئێمە دووربکەونەوە، کە ئەوە کارێکی قێزەونە، خۆ لە بارەگاکانی ئێمە خێزان و ژن و منداڵی خۆشمانی تێدایە و خەڵکی مەدەنی تێدایە." 

 

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) و حکومەتی عێراق کرد بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت لەوبارەیەوە و دەڵێت، "چونکە هێرشەکانی ئێران مەترسییە بۆسەر هاووڵاتیانی هەرێمیش، نەک تەنها ئێمە." 

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەیە ئێران هەڕەشەکانی بکاتە کردار و هێرش بکاتەسەریان، سەقزی باسی لەوەکرد، "ئێران هەمووکات هەڕەشەی کردووە، بەڵام هیچکات پێش هێرشەکانی ئاگادارکردنەوەی نەداوە و لەناوکاودا بۆردومانی دەستپێکردووە، بۆیە هەموو ساتێک ئەگەری هێرش هەیە." 

 

جەختیشیکردەوە، "ئێمە چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستانەوە وازمان لە هێرشکردن بۆسەر ئێران هێناوە و هیچ کەسێکی ئێمە چالاکییەکی نەکردووە و گەڕابێتەوە هەرێم، بەڵکو خەڵکی ڕۆژهەڵات خۆیان بوون لە دڵ گەرمیدا کارێکیان کردبێت، ئەوەش بەکارهێنانی خاکی هەرێم نییە و هەر لە ڕۆژهەڵاتدا بوون، واتە ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئێران بیانوو دەگرێت، هەموو دنیا دەزانێت ئێران حکومەتێکی تیرۆرستییە و دژی هەموو گەلی کوردە." 

 

ڕوونیشیکردەوە، "نەک تەنها ئێمە، هەموو کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان چەکی بۆ هێرشکردن هەڵنەگرتووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە خۆی چەکی هەڵگرتووە، ئێمە هێرش ناکەین، بەڵام تا مردنیش بەرگری لە خۆمان دەکەین." 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: هۆشدارییەکی توند لە سوپای پاسدارانەوە بۆ هەرێمی کوردستان