گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سوكایه‌تیكردن و ئابرووبردن’’

ئه‌نجومه‌نی كاروباری خانمان: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچان به‌كارده‌هێنرێت

2021.09.04 - 15:44
App store icon Play store icon Play store icon
ئه‌نجومه‌نی كاروباری خانمان: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچان به‌كارده‌هێنرێت

ناس کورد-

ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان ڕایگەیاند، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێنرێت و دەڵێت، "له‌ به‌دواداچوونه‌كانمان به‌رده‌وامین و هاوكارو هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوندیداره‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران تا بیاندۆزینه‌وه‌و راده‌ستی یاسایان بكه‌ین."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەنجومەنەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا (4ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، جارێكی تر له‌لایه‌ن تاوانباران و كه‌سانی نه‌فس نزمه‌وه،‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێندرێت."


دەشڵێت، "به‌م دواییه‌ چه‌ندین حاڵه‌تی نایاسایی، دوور له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، روویانداوه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش كچان و ژنان كراونه‌ته‌ ئامانج."


جەختی کردووەتەوە کە "دیسان تاوانباران سنووره‌كانی ياساكان و ئیتیكیان به‌زاند، هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆی قوربانیان ده‌كه‌ن بۆ سوكایه‌تیكردن و ئابرووبردنیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ و چه‌ندین ئاسه‌واری نه‌خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.‌"


"ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، به‌ نووسراوی فه‌رمیی‌ له‌ رێگه‌ی داواکاری گشتی سكاڵامان له‌دژی تاوانباران تۆماركردووه، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری ئه‌و فه‌وزایه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له ‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش ژنان و كچانی به‌ئامانج گرتووه‌، له‌ به‌دواداچوونه‌كانمان به‌رده‌وامین و هاوكارو هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوندیداره‌كان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، تا بیاندۆزینه‌وه‌و راده‌ستی یاسایان بكه‌ین."

 

ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان باسی لەوەشکردووە کە "به‌داخه‌وه‌ به‌م دواییه‌ له‌ یه‌كێ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا،‌ ژماره‌یه‌ك ژن و كچ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه ناچاركران قسه‌و ده‌سته‌واژه‌‌ی نه‌شیاو به‌خۆیان بڵێن، له‌به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ و وێنه‌كانیان، كه‌ له‌لایه‌ن تاوانبارێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت. به‌داخه‌وه‌ له‌ بری لایه‌نه‌ ئیجابییه‌كانی، خه‌ریكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر داوڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست ده‌كات و هۆكاره‌ بۆ دابڕانی تاكه‌كانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ك بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ باشییه‌كانی."