گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ چانسی زیاترە؟

ناوی كاندیدەكانی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق ئاشكرا كران

2021.09.04 - 13:19
App store icon Play store icon Play store icon
ناوی كاندیدەكانی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق ئاشكرا كران

ناس کورد-

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنی بڵاویكردەوە، لیژنەیەكی حەوت قۆڵی هێزە شیعەكان سەرقاڵی تاوتوێكردنی چەند ناوێكن بۆ بەشداریكردن لە كێبەركێی داهاتووی سەرۆكایەتی وەزیران بەڵام لەناویاندا مستەفا كازمی دوو پاڵپشتی گەورەی هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە (4ی ئەیلولی 2021) كە "ناس كورد" بینیویەتی باس لەوە دەكات شیعەكان پێداگرن كاندیدی سەرۆكایەتی وەزیران لە رێگەی ئەوانەوە پێشكەش بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی حەوت قۆڵی دەستبەكارە، بەڵام موقتەدا سەدر سوورە لەسەر ئەوەی ئەو سەرۆك وەزیران كاندیدی بكات چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بەوپێیەی گەورەترین لیست دەبێت لە قۆناغی داهاتوو.

 

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، ئەوانەی تا ئێستا ناویان هاتووە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لە خولی پێنجەمی داهاتوو، بریتین لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی، عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووتری نەجەف، محەمەد شیاع سودانی، وەزیری پێشووتری كاروباری كۆمەڵایەتی و نزیك لە نوری مالیكی، بەڵام لەپاش گەڕانەوەی سەدرەوە بۆ كێبەركێی هەڵبژاردن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا لەهەموویان چانسی زیاترە چونكە جگە لە سەدر پشتیوانی مەسعود بارزانیشی هەیە.

 

ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە عەرەبی و بیانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن مستەفا كازمی جێگەی ڕەزامەندی وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی هاوپەیمانی هاوكاری عێراقە لە شەڕی داعش بەتایبەت وڵاتە یەكگرتووەكان، ئەگەرچی بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەشی نەكردووە بەڵام كاندیدكردن و پشتیوانیكردنی لەلایەن هەندێك لیستی شیعەو كورد و سوننەوە بەدوور نازانرێت بەوپێیەی لەدۆخی كۆرۆنا و داڕمانی باری داراییدا سەركردایەتی عێراقی كردووە و پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ پێكهاتەكان و هەڵوێستێكی بێلایەنانەی هەبووە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

 

حكومەتی كازمی پلانێكی بڵاوكردووەتەوە بۆ چاكسازی ئابووری بەناوی "وەرەقەی سپی" كە ناوەڕۆكەكەی كەمكردنەوەی پشت بەستنە بەنەوت و كاركردنە لەسەر هەموجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، لە ئێستاشدا هەندێك بڕگەی پلانەكە جێبەجێ دەكرێت و هەندێكی تری چەند ساڵێكی تری پێویستە و هەندێ لە پەرلەمانتاران و شارەزایان پێیانوایە تەواوكردنی پێویست دەكات هەر ئەم سەرۆك وەزیران و وەزیری داراییەی ئێستا بمێننەوە لە قۆناغی داهاتوو، بەڵام جە لە سەدرییەكان مالیكی و هێزەكانی حەشدی شەعبی چاویان لەسەر ئەوەیە سەرۆكایەتی وەزیران پشكی ئەوان بێت و حەكیم و عەبادیش هاوپەیمانێتییەكەیان دروستكردووە بۆ قۆناغی داهاتوو بەناوی "قوی الدولة".