ناس کورد-
نوسینگەى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق رەتیکردەوە پەیوەندیان هەبێت بەو گروپانەوە کە لەسەر هەوڵدان بۆ ساختەکاریی هەڵبژاردن دەستگیرکراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەى کازمى ئەمڕۆ چوارشەممە لە رونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەسەرپەرشتى راستەوخۆى دادگا سەرکەوتوو بوون لە ئەنجامدانى هەڵمەتێکى پێشوەختە بۆ تێکشکاندنى هەوڵى ساختەکاریی هەڵبژاردنى داهاتوو، لەرێگەى فشارکردن لە ژمارەیەک فەرمانبەرى کۆمسیۆن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، دواى دەستگیرکردنى گروپەکە، هەوڵدراوە لەرێگەى جیاجیاوە پەیوەست بکرێت بە نوسینگەى سەرۆکوەزیران و ئەوانەى لەوێ کاردەکەن، یان راوێژکارەکانەوە، کە بەداخەوە بەشێکیان لەلایەن دەزگاکانى راگەیاندنى سەر بە هەندێ لایەنى سیاسییەوە بووە کە ئەو جۆرە تۆمەتە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە، ئەوەش تێپەڕاندنى یاسا و کارى پیشەییە.
بەپێى راگەیەنراوەکە، لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە گەیشتوەتە ئەوەى کە ژمارەیەک بەرپرس تێوەگلاون لەو دۆسیەیە، لەرێگەى پارەدارکردن یان هاندان و یارمەتیدانى گروپەکە، کە کەسایەتى سیاسی و پەرلەمانتارى ئێستا و پێشووى تێدایە، لەگەڵ هەندێ فەرمانبەرى کۆمسیۆن، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنى هەر کەسێکى دیکە کە تێوەگلابێت.
نوسینگەى کازمى جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پاک و دادپەروەرانە و بێلایەنى حکومەت لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا.
کۆتایی مانگى رابردوو، ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عیراق لەبەیاننامەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، دامەزراوە دادوەرییەکان گروپێکیان ئاشکراکردوە کە شارەزا بووون لە هەسارانکردنى ئەلیکترۆنى، ئامانجى یەکەمیان گۆڕانکاریی و یاریکردن بووە بە ئەنجامى هەڵبژاردنى داهاتوو، ئامانجى دووەمیشیان نانەوەى پشێوى سیاسی بووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو گروپە بەنیازى سوکایەتى بوون بە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى دەوڵەتى عێراق.
بەپێی بەیاننامەکە، یەکێک لە سیاسەتمەداران لەگەڵ گروپە کۆبووەتەوە لەماڵەکەى خۆى، گفتوگۆیان کردووە لەبارەى هەڵبژاردن و دەزگا میدیاییەکەیەوە، پێشنیازى دروستکردنى چەند پەیجێکیان کردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بیرۆکەى دروستکردنى کەناڵێکى لە تەلەگرام خستووەتەڕوو، کە پەیوەستکرابێت بە ژمارەیەکى وەهمییەوە لەدەرەوەى عێراق بەناوى (سيدة الخضراء) و لەو ڕێگەیەوە کارەکانیان بکەن بە ئامانجى پشێوى سیاسی و زیادکردنى ناکۆکى نێوان حزبەکان.
بەپێی بەیاننامەکە، لەلێکۆڵینەوەکاندا دوو کەس لەکۆى سێ کەس دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.