گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ ئاستى کێشەکان

’’ئاڵۆز و راستەوخۆ’’..یەکەم لێدوانى فەرمى لەبارەى ئەنجامى کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى

2021.08.30 - 16:46
App store icon Play store icon Play store icon
’’ئاڵۆز و راستەوخۆ’’..یەکەم لێدوانى فەرمى لەبارەى ئەنجامى کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى

ناس کورد-

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى ئەنجامى کۆبوونەوەى شەوى رابردووى بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى بە "ئەرێنى" دادەنێت و دەڵێت دانوستانى ئاڵۆز کراوە و کێشەکان لەسەر سێ ئاستن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەتیف نێروەیی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى "رووداو" ئەمڕۆ دووشەممە باسى لەوەکرد، کۆبوونەوەکەى شەوى رابردووگەیشتن بوو بۆ قۆناغى کۆبوونەوەى راستەوخۆ، چەند قۆناغێک هەنگاوەکان چونەتە پێش.

 

وتیشى "هەوڵەکان بێئەنجام نەبوون بەڵکو چونەتە پێش، سەرەتا دانوستانى ناڕاستەوخۆ دەستیپێکرد لەلایەن لایەنى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى و کەسایەتییەکان و ناوخۆى یەکێتى و گەیشتە دانوستانى راستەوخۆ و روبەڕوو ئەمەش هەنگاوى ئەرێنییە".

 

نێروەیی دەڵێت، کۆبوونەوەکەى دوێنێ شەو بە نێوەندگیریی شاندێکى باڵاى ئەمریکا بووە و بێ ئەنجام نەبووە وەک لەهەندێ شوێن بڵاوکراوەتەوە "ئەمانە دانوستانى ئاڵۆزن، بۆیە بەیەک کۆبوونەوە چارەسەر نابێت، ئەوەى شەوى رابردوو کلیلى کردنەوەى دەرگایەک بوو، ئەوەش ئەرێنییە، بەڵام ئەو کێشە ئاڵۆزانە بەیەک کۆبوونەوە چارەسەر نابن".

 

بەوتەى لەتیف نێروەیی کێشەکان لەسەر سێ ئاستن، خانەوادەیی، حزبى، یاسایی ئەوەش پێویستى بەکاتێکى زۆر هەیە تا چارەسەر بکرێن و سەرکردایەتیش بڕیارێکى پێویستى لەبارەوە بدات. 

 

دواى ئەوەى گرژییە میدیاییەکانیان رووى هەڵکشانى زیاتر کرد، لەگەڵ نەبوونى هیچ دەرچەیەک بۆ چارەسەرى کێشەکانیان، شەوی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کۆبوونەوە.  

 

بەگوێرەی سۆشیاڵ میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا، ناوبراو رەتیکردەوە بڕواتە دەرەوەی وڵات، لە کۆبونەوەکەی ئەمشەودا ئەو پرسە یەکلابووەتەوە کە لاھور شێخ جەنگی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و درێژە بە کاری سیاسی دەدات.  

  

هاوکات بەختیار شاوەیس، وتەبێژى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکییەکان بووە.   

  

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە گرژی و ناکۆکییەکانى نێوان هاوسەرۆکانى یەکێتى بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، لەنوێترین پێشهاتدا میدیاى بافڵ تاڵەبانى باس لەوەدەکات لاهور جەنگى ویستویەتى لەرێگەى دوبارەکردنەوەى هەڵسوکەوتەکانى مام جەلالەوە خۆى وەک ئەو پیشان بدات، لاهور جەنگیش دەڵێت "ورەى پۆڵاینە".   

  

میدیاى بافڵ تاڵەبانى لە راپۆرتێکى ڤیدیۆییدا کە "ناس کورد" بینیویەتى باس لەوەدەکات، لاهور جەنگى هەوڵیداوە هاوشێوەى مام جەلال جامانە لەسەر بکات و تەسبیح لەدەستى بئاڵێنیت و جلوبەرگ و جوڵانەوەى جەستەى وەک مام جەلال لێبکات، بۆ ئەوەى خۆى وەک ئەو پیشان بدات.     

  

باسى لەوەشکردووە، مام جەلال خاوەنى دونیابینى خۆى بووە و مەرجەع بووە، بەڵام ئەوانەى دەیانەوێت خۆیان وەک ئەو نیشان بدەن بەهەندێک لاسایی کردنەوە ناتوانن ببن بە مام جەلال.     

  

کێشەى نێوان هاوسەرۆکانى یەکێتى کە نزیکەى دوو مانگە بەردەوام هێشتا بەردەوامە و رۆژ لەدواى رۆژ زیاتر پەرەدەسێنێت.     

  

لاى خۆیەوە لاهور جەنگى ئەمڕۆ لەپەیامێکدا رایگەیاند "پەرۆشیی خەڵک ورەیەکی پۆڵایینی بە من بەخشیوە".     

  

هەروەها بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق رۆژى یەکشەممە لە وتەیەکدا لە کۆنگرەى رافیدەین لەبەغدا لەبارەى کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتییەوە وتى "کێشەکان لەناو یەک ماڵ و یەک حزبدان، ئەوەش جێگەى نیگەرانییە".     

  

وتیشى "بەشەخسى دەستوەردانم کردووە بۆ رێگرى لە هەر دابەشبونێک، هەوڵى چارەسەرى کێشەکانمداوە لە سلێمانى".     

  

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی فشارەکانی بۆ سەر لاهور شێخ جەنگی بۆ جێهێشتنی هەرێم چڕکردەوە و لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشەوە ئەو داوایە لە ناوبراو کرا کە تادوای دوو هەفتە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هەرێم جێبهێڵێ، بەڵام ئەو داواکەى رەتکردەوە.