کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ناس کورد ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات و ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، دەبوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئاشکرا بکردایە. . هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووى پەرلەمان، بۆ درێژکردنەوەی خولى بەهارەى پەرلەمانە". . ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی: "بڕیارە 15 ڕۆژ بۆ خولى بەهارەى پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی کاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بتوانێت لەو ماوەیەی کە بۆی داندراوە، سیڤی وەزیرەکانی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات تا دەنگیان لەسەر بدرێت". . "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێویستە مەسرور بارزانی ڕۆژی 11ی تەمموز ناوی کاندیدەکان ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى کوردستان بکات"، هێڤیدار ئەحمەد واى وت. . لەلایەکى دیکەوە، کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، دەبوو سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی بۆ پەرلەمانتاران ئاشکرا بکردایە، پێشیوایە ئەمە کێشەیە، کە پەرلەمانتاران ئاگاداری بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان نەبن. . بە گوێرەى ماددەى (7) بڕگەى یەکەم و دووەمى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمان لە ساڵێکدا دوو وەرزى گرێدانى هەیە، یەکەمیان لە سەرەتاى مانگى ئادارەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی مانگى حوزەیران و بە خولى بەهارە ناودەبرێت، دووەمیشیان لە سەرەتاى مانگى ئەیلولەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی مانگى کانونى یەکەم و بە خولى پایزە ناودەبرێت. . بە گوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، پشوى هاوینە لە کۆتایی مانگى حوزەیرانەوە دەستپێدەکات، تا سەرەتاى مانگى ئەیلول. . بەڵام لە بڕگەی چواری هەمان ماددەدا هاتووە، “پەرلەمان، دەتوانێت لەسەر داوای سەرۆك، یان سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆك وەزیران، یان (25) بیست و پێنچ ئەندام، بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامەكانی، ماوەی گرێدانی هەریەك لە دوو وەرزەكە، بۆ ماوەیەك لە (30)سی رۆژ زیاتر نەبێت، درێژبكاتەوە، ئەویش بۆ تەواوكردنی ئەو ئەركانەی، كە پێویست بووە وەرزەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە”. . .