گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەنزین زیاتر دادەبەزێت

پارێزگاری سلێمانی دابەزینی زیاتری نرخی بەنزینی ڕاگەیاند

2021.08.30 - 11:59
App store icon Play store icon Play store icon
پارێزگاری سلێمانی دابەزینی زیاتری نرخی بەنزینی ڕاگەیاند

 ناس کورد-

بەوتەی پارێزگاری سلێمانی نرخی بەنزین لە 730 دینارەوە بۆ 690 دینار دادەبەزێت و دەشڵێت، پێش هاتنی وەرزی زستان هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەگەرچی ئەو یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزینەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەرێمی دابین بکات، هێشتا نەگەیشتووە، بەڵام ڕۆژانە کۆمپانیای کار پێنج تانکەر بەنزین بۆ سلێمانی دەنێرێت.

 

نرخی بەنزینی کار لە هەولێر بەرامبەر 650 دینارە، بەڵام لە سلێمانی بەرامبەر 730 دینارە، بۆیە هاووڵاتیان داوا دەکەن لێرەش هەرزانتر بکرێت.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیای فەرمیی حزبەکەی (دووشەممە 30ی ئابی 2021) ڕایگەیاند، "قسەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەنزینخانەکان کردووە و داوامان کردووە ئەو بەنزینەی کۆمپانیای کار بۆ سلێمانیی دەنێرێت نرخەکەی لە 690 دینار زیاتر نەبێت."

 

وتیشی، "ئەو 360 هەزار لیترەشی کە بە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ سلێمانی دێت هەر بەهەمان نرخ دەفرۆشرێت و ڕەزامەندیمان بۆ ئەوە وەرگرتووە، چونکە خۆی نرخەکەی 650 دینارە، 20 دینار بۆ کرێی گواستنەوە و 20 دیناریش بۆ قازانجی بەنزینخانەکان دەچێتەسەری."

 

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت "هێشتا بەنزینەکەی بەغدا نەگەیشتووە و هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە، بەڵام هیوادارین لەم هەفتەیەدا بگات."

 

وتیشی، "بە هاتنی ئەو بەنزینە نرخی بەنزینی بازرگانیش هەرزان دەبێت و کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی بەنزین بە گشتی."

 

هاوکات پارێزگاری سلێمانی ئەوەی ڕاگەیاند، "بە بڕیاری حکومەتی هەرێم و بە پشت بەستن بە بەغدا پێش وەرزی زستان هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت."