گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

نوێترین زانیاریی لەبارەی گەیشتنی بەنزینەکەی بەغدا بۆ هەرێم

2021.08.29 - 13:24
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاریی لەبارەی گەیشتنی بەنزینەکەی بەغدا بۆ هەرێم

ناس کورد-

دوای بڕیاری ناردنی زیاتر لە ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم لە بەغداوە، دیارنییە ئەو بەنزینە کەی دەگاتە هەرێم، بەڵام بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، بە گەیشتنی ئەو بڕە بەنزینە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیش هەرزان دەبێت، بەدەر لەوەش لەئێستادا پێنج تانکەر بەنزینی 730 دیناری بۆ سلێمانی دەنێردرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئەمڕۆ (شەممە 28ی ئابی 2021) دەرچووە، تیایدا ڕەزامەندی دراوە بە ناردنی یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بە نرخی 650 دینار.

 

لەوبارەیەوە "ناس کورد" پەیوەندیکردن بە محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بەڵام ناوبراو ڕەتیکردەوە لەوبارەیەوە هیچ قسەیەک بکات و ئاماژەی بەوەکرد، "نازانن کەی ئەو بەنزینە دەگات."

 

هاوکات ئازاد حەمەدەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بە دیاریکراوی ئاگاداری وادەی هاتنی بەنزینەکە نییە و بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەدیاریکراوی نازانم کەی ئەو بەنزینە دەگات، بەڵام جگە لەوە لەئێستادا ڕۆژانە کۆمپانیای کار پێنج تانکار بەنزین بۆ سلێمانی دەنێرێت بە نرخی 730 دینار."

 

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەو بڕە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی 360 هەزار لیتریان بەردەکەوێت، 216 هەزار لیتر بۆ پارێزگای دهۆک و 144 هەزار لیتریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت. 

 

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت، "ئەو بەنزینەی دەنێردرێت پێداویستی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی پڕدەکاتەوە و خواستی زۆر لەسەر دەبێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ هاتنی ئەو بەنزینەدا نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیش هەرزان دەبێت."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ هاتنی بەنزینەکەدا چاودێری پرۆسەکە دەکەن بۆ چۆنێتی دابەشکردنی بەسەر بەنزینخانەکاندا و هەروەها نرخەکەشی."

 

ئەو بەنزینەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت لەو بەنزینە دابین دەکرێت کە کۆمپانیای کار لە هەولێر بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت. 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی بەنزین بۆ هەرێم