ناس کورد-
بەفەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بەبڕی 650 دینار و ئەوەش بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، بەنزینەکەش بەنزینی کۆمپانیای کار دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئەمڕۆ (شەممە 28ی ئابی 2021) دەرچووە، تیایدا ڕەزامەندی دراوە بە ناردنی یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بە نرخی 650 دینار، ئەوەش لەو بەنزینەی کە کۆمپانیای کار بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت.
بەگوێرەی نوسراوەکە، لەو بڕە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی 360 هەزار لیتریان بەردەکەوێت، 216 هەزار لیتر بۆ پارێزگای دهۆک و 144 هەزار لیتریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی نوسراوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "سوپاس بۆ هەموو هەوڵەکان، بە ئومێدی ئەوەی ئەم بڕە هەنگاوی یەکەم بێت و متمانەیەک دروستبکات کە نرخەکەی کەمترو بڕەکەی بە کوالێتییەکی پارێزراوەوە زیاتر بێت."