گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران

2021.08.28 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران

ناس کورد- 

لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، ناوچەکە رووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەتەوە، بۆیە پێویستە ھەمووان بەیەکەوە رووبەڕووی ببنەوە، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتنامەی فەرمیی  سەرۆک کۆماری ئێرانی گەیاندە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ سەردانیکردنی ئێران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە 28ی ئابی 2021 لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە ئەمیر عەبدولهەیان، وەزیری دەرەوەی ئێران.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، "لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەبواری جۆراوجۆرەکان و کاراکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامەکانی نێوان هەردوولا لەکەرتەکانی ئابووری و برەودان بە بازرگانی."

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، پەیوەندییە هاوسەنگەکانی عێراق ئامانج لێی ھێنانەدی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، ھەروەک چۆن ھەوڵێکە بۆ کۆتای هێنان بە ئاڵۆزی و بارگرژییەکان و عێراق کار دەکات بە ئاڕاستەی ئەوەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کۆکردنەوەی پەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە.

 

سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کۆنگرەی بەغدا بۆ ھەماھەنگی و ھاوبەشی گۆڕانێکی گرنگە بۆ ھێنانەکایەوەی ھاریکاری جددی لەرێگەی دامەزراندنی چوارچێوەیەکی ھاوبەش، تاوەکو لەو رێگەیەوە ئایندەیەکی باشتر بۆ ناوچەکە دابین بکات.

 

ئەوەشی خستەروو، " دیالۆگ و گفتوگۆ و ھاریکاری گرنگە، بۆیە پێویستە ھەموو وڵاتان بەیەکەوە رووبەڕووبووی ئەو ئاستەنگە زۆرانە ببێنەوە کە رووی لە ناوچەکە کردووە، بەتایبەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی دۆخی تەندروستی و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، ھاوکات جەختیشیکردەوە کە پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەروەری عێراق بنەمایەکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە." 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگێشتنامەیەکی فەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانی گەیاندە سەرۆک بەرھەم بۆ سەردانیکردنی ئێران، ھاوکات پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دووپاتکردەوە، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لەپێویستی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کرد و ھەواڵە دبلۆماسییەکانی عێراقشی بەرزنرخاند بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە."