گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دوا بڕیار لای سەرکردایەتییە’’

دوا پەرەسەندنەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی ’’هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان’’

2021.08.28 - 17:29
App store icon Play store icon Play store icon
دوا پەرەسەندنەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی ’’هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان’’

ناس کورد- 

لە بەردەوامی کێشەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتیدا و بە هەڵواسراوی مانەوەی جێهێشتنی هەرێم لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە دەڵێت، هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانە و دوا بڕیار لای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی فشارەکانی بۆ سەر لاهور شێخ جەنگی بۆ جێهێشتنی هەرێم چڕکردەوە و لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشەوە ئەو داوایە لە ناوبراو کرا کە تادوای دوو هەفتە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هەرێم جێبهێڵێ. 

 

لەدوای ئەو داوایە، لاهور شێخ جەنگی داوای واژۆی زیاتر لە 60 ئەندامی سەرکردایەتی کرد تا بەوە ڕازی بێت، ئەگەرچی نزیکەی 100 واژۆ بۆ ئەو مەبەستە کۆکرایەوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی بەوە ڕازی نەبوو، ئەو وادەیەش  کۆتایی هات کە بۆی دیاریکرابوو تا هەرێم جێبهێڵێت کە 72 کاتژمێر بوو. 

 

لەوبارەیەوە ڕزگار حاجی حەمە, ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (شەممە 28ی ئابی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کراوە و ڕای جیا هەیە، بەڵام هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتین." 

 

لە ئێستادا ئەو کێشەیە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و وەک لە ڕابردووشدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لاهور شێخ جەنگی داوا دەکات لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بە دەنگدان دووربخرێتەوە. 

 

ڕزگار حاجی حەمە ئاماژەی بەوەکردووە، "یەکێتی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە و دوا بڕیار لای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییە."

 

لەبارەی چۆنێتی هەلمەتی هەڵبژاردنی یەکێتییەوە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە باسی لەوەکردووە، لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، هەموویان پێکەوە بەشداردەبن و هەوڵی سەرخستنی لیستی حیزبەکەیان دەدەن.

 

 

بەرپرسەکەی یەکێتی ڕەتیشیکردووەتەوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بن و جەختیکردووەتەوە، "یەکێتی داکۆکی لەوە دەکات، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بێت."

 

زیاتر بخوێنەرەوە: هەڵوێستی نوێی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی جێهێشتنی هەرێم ’’بە واژۆکانی دەباشان’’