گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

چاوشئۆغڵو لە بەغدا: بوونی پەکەکە لە عێراق قبوڵ ناکەین

2021.08.28 - 15:15
App store icon Play store icon Play store icon
چاوشئۆغڵو لە بەغدا: بوونی پەکەکە لە عێراق قبوڵ ناکەین

ناس کورد-

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ عێراق و جەختیشی لەوە کردەوە کە "بوونی پەکەکە لە عێراق قبوڵ ناکەین".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی لوتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی کە ئەمڕۆ شەممە (28ی ئابی 2021) لە بەغدا پایتەختی عێراق دەستیپێکرد وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، "بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ عێراق".

 

جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە سەقامگیر نابێت ئەگەر عێراق سەقامگیر نەبێت.

 

چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی ھەنگاوی باشی ناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی عێراق و وتی، "ئامادەیان بەشداری لە پڕۆژەکانی ژێرخان لە عێراقدا، بکەین".

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە بوونی پەکەکە لە عێراق و هەڕەشەکانی بۆ سەر تورکیا کرد و وتی، "بوونی پەکەکە لە عێراق قبوڵ ناکەین".

 

وتیشی، "ئومێد دەکەین ئەم لوتکەیە ببێتە مایەی زیادبوونی ھاریکارییەکانمان لەسەر ئاستی ھەرێمی".

 

لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەغدا، ھەریەکە لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح، سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی، میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، شای ئوردن عەبدوڵڵای دووەم و جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال مەکتووم، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشدارن.

 

لووتکەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و تاوتوێ ھەموو ئەو دەرفەتانە دەکرێت کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندی ھەموو ئەو وڵاتانە دەرەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەتکردنی بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.

 

بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەیەکتر کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیککردنەوەی روانگەکانیان بدات.