ناس کورد-
وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، هەڵوێستیان بێلایەن و پیشەییە و بابەتیانەیە لەبارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلى عەلاوى لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەنوسیدا کە پەیامنێرى "ناس" تییدا ئامادەبوو وتى "پێویستە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێردرێت".
جەختیشیکردەوە، تا ئێستا دوو جار ئەو بڕە پارەیەیان ناردووە بۆ هەرێم.
ڕۆژی 11ی تەموزی 2021، یەکەمین بڕە پاره لەمساڵدا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کە بڕی 200 ملیار دینارە خرایه سهر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێر.
پێشتر جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە "ناس کورد" ى راگەیاندبوو، ناردنى ئەو بڕە پارەیە هیچ پەیوەندییەکى بە یاساى بودجەوە نییە و پێشینەیە، تا ئەوکاتەى هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتە نانەوتییەکان رێکدەکەون.
جەمال کۆچەر باسى لەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ ناردنى ئەو 200 ملیارە پەیوەستە بە هەڵبژاردنەوە، ئەگەر ئەنجام بدرێت رەنگە تا کۆتایی ساڵ بنێردرێت.
هەروەها پێیوایە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت پەرلەمان کارادەبێتەوە، ئەوکات ئەگەر هەیە دەنگى ناڕەزایی بەشێک لە کوتلەکانى پەرلەمان بەرزبێتەوە کە لەسەرچى بنەمایەک ئەو پارەیە دەنێردرێت.