گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

سەرکردەیەکى یەکێتى: کشانەوەى سەرسوڕهێنەرى ئەمریکا و پێدانى فڕۆکەخانەى هەریر بە تورکیا

2021.08.26 - 15:19
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردەیەکى یەکێتى: کشانەوەى سەرسوڕهێنەرى ئەمریکا و پێدانى فڕۆکەخانەى هەریر بە تورکیا

ناس کورد-

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى بەدورى نازانێت، ئەمریکا سەرسوڕهێنەرتر لەکشانەوەى لە ڕۆژئاوا و ئەفغانستان، لە عێراق و هەرێم بکشێتەوە و فڕۆکەخانەى سەربازى هەریر لە هەولێر بەتورکیا بسپێرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئارێز عەبدوڵا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "بێگومان، هەلومەرجەکانی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان بە هەردوو لایەنی پۆزەتیڤ و نە گەتیڤ جیان، بەڵام ناکرێ هەرێم بۆ خراپترین پێشهات خۆی ئامادە نەکا و بەرپرسەکانیشی هەر بالۆرەی خۆراگری و بەرەنگاری لێ بدەنەوە".

 

دەشڵێت "دیارە ئەمریکا سیناریۆی جۆراو جۆری لەبەر دەستدان و ئەنجامیش ئەو سیناریۆیە جێبەجێ دەکا کە زیاتر لە بەرژەوەندیی خۆیەتی. ڕەنگە یەکێک لەو سیناریۆیانە پێدانی ڕۆڵێکی زیاتر بێ بە تورکیا لە هەرێم و عێراق، بە تایبەت کە تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی سەربازیەتی".

 

"من دەپرسم ئەگەر هاتوو بەو پاساوەی سەرەوە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریری بە تورکیا سپارد، ئایا چی دەقەومێ و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم هەڵوێستیان چی و چۆن دەبێ؟"، ئارێز عەبدوڵا وا دەڵێت.

 

هەرێم و ئەفغانستان

لەدواى کشانەوەى ئەمریکا لە ئەفغانستان و داڕوخانى خێراى حکومەت و سوپاى ئەفغانستان و گرتنە دەستى دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، مشتومڕ لەبارەى کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق و هەرێم دروستبووە، بەتایبەت کە ئەمریکا و عێراق رێککەوتوون لەسەر کشانەوەى هێزە بیانییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ.

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا (22ی ئابی 2021) راگەیاند،  "جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە".

 

پەیامەکەى بارزانى لەبارەى دۆخى ئەفغانستان و هەرێم کاردانەوەى جیاجیاى لێکەوتەوە و لەیەکەم کاردانەوەدا، ئەبوبەکر هەڵەدنى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لەبڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند " خاڵێکی سەرسوڕمانی پەیامەکەی کاک مەسعود ئەوە بوو تەنها باسی داستانی پێشمەرگانەی حزبی پارتی کردو داستانی کۆڕێ وپردێ وسحێلای بەنموونە هێنایەوە".  

 

لاى خۆیەوە، جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە وەڵامێکدا بۆ پەیامەکەى بارزانى لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "سوپای ئەفغانستان و چ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێم لە گوزەرانێکی خراپدا ژیاون و دەژین، هەردووکیان پێیانوایە پێویست ناکات شەڕ بکەن بۆ ئەو بەرپرسانەی کە ژیانیان لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدایە، لەکاتێکدا ئەمان تەنانەت مووچەکەشیان پێنادرێت".  

  

دەشڵێت "بۆیە هەرێم و ئەفغانستان لەوەدا لە یەک دەچن کە ئەگەر مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان دروست بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکان بەرپرسەکانیان ناپارێزن".