گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

دوایین مۆڵەت..پێشهاتى نوێ لەکێشەى هاوسەرۆکانى یەکێتى

2021.08.26 - 13:50
App store icon Play store icon Play store icon
دوایین مۆڵەت..پێشهاتى نوێ لەکێشەى هاوسەرۆکانى یەکێتى

ناس کورد-

 

لەکۆتا رۆژى مۆڵەتەکەى مەکتەبی سیاسی بۆ لاهور جەنگى تا بچێتە دەرەوەى وڵات، سێ ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى گەیشتنە ماڵەکەى، ئەندامێکی سەركردایەتى ئەو حزبەش دەڵێت نزیکەى 100 ئەندام واژۆیان لەسەر بڕیارەکان کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی بڕیارەکانى مەکتەبی سیاسی یەکێتى کە 24 ى ئەم مانگە دەرکراوە، پێویستە لاهور جەنگى لەماوەى سێ رۆژدا بچێتە دەرەوەى وڵات و تا دوو هەفتە دواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردن نەگەڕێتەوە، بەڵام لاهور جەنگى جەخت لەپابەندنەبوون بەو بڕیارە دەکاتەوە.

 

بەپێی سۆشیال میدیاکانى سەر بە لاهور جەنگى، هەریەکە لە عەدنان حەمەی مینا، حامید حاجی غالی، محمود سەنگاوی پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ گەیشتوونەنە ماڵی لاهور شێخ جەنگی.

 

تا ئێستا دیار نییە ئەو سێ سەرکردایەتییەى یەکێتى چى پەیامێک بە لاهور جەنگى دەگەیەنن، بەڵام لاهور جەنگى لەچەند رۆژى رابردوودا چەند جارێک پەیامى شاندەکانى یەکێتى رەتکردەوە بۆ چونە دەرەوەى لەهەرێم.

 

لاى خۆیەوە، عەتاسەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە میدیاکانى حزبەکەى راگەیاند،  لاهور جەنگی داوای كۆكردنەوەی 60 واژۆی ئەندامانی سەركردایەتی كردبوو بۆ ئەوەی ئەویش پابەند بێت بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی ، بۆیە تا دوێنێ‌ نزیكەی 100 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی واژۆیان كردووە، كە ئەوەش زۆر لە نیسابی یاسایی زیاترە.

 

جەختیشیکردەوە، لەبەرژەوەندی لاهور جەنگیدایە كە ڕازیبێت بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

 

دوێنێ چوارشەممە چەند ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى جەختیان کردەوە، کۆکردنەوەى واژۆیان بۆ دەرکردنى لاهور جەنگى رەتکردەوە و جەختیان کردەوە "کۆنگرە و دەنگی شەرعی کادرانی یەکێتی ئەتوانن بڕیار لە چارەنووسی حزبی لاهور شێخ جەنگی بدات".

 

نووسینگەی رۆژنامەوانی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی رۆژى چوارشەممە  لەرونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لاهور شێخ جەنگی  ئاگادارکراوەتەوە کە، چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بانگهێشتکراون بۆ دەباشان و پێیان ڕاگەیاندوون کە گوایە ڕێککەوتنێک کراوە لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتیی، بۆ ئەوەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ماوەیەکی کاتی بچێتە دەرەوەی وڵات.  

  

جەختیشیکردووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی بەگشتی، بە تایبەت ئەوانەی بە بیانووی جیاواز بانگکرابوون ئاگادار دەکاتەوە، کە دوور و نزیک ئاگاداری سەرلەبەری ئەو خاڵانە نییە کە خراوەتە بەردەمیان و دوورن لە ڕاستییەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتنی لەم جۆرە نەکراوە و ناشکرێت.