گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

 ’’بێهەڵوێستی و بێدەنگی’’..راگەیەنراوێک لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە

2021.08.26 - 08:43
App store icon Play store icon Play store icon
 ’’بێهەڵوێستی و بێدەنگی’’..راگەیەنراوێک لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە

 

ناس کورد-

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبی سیاسی یەکێتى رایگەیاند، چاوپۆشی و بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغداد لەئاست چەند بارەبوونەوەی هێرش و پەلامارەکانى تورکیا جێگەی پرسیار و نیگەرانییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "باس لە بێهەڵوێستی و بێدەنگی بەرپرسانی هەرێم ناکەم ، چونکە دەزانم ئەوان گوێچکەکانیان لەگەڵ زریکە و هاواری گەورە و بچووکی ئەم ووڵاتە ڕاهاتووە ، لووتیان پڕ بووە لەبۆنی دووکەڵی کێڵگە و گوندە سوتاوەکانی کوردستان ، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و گرێبەستە 50 ساڵییەکە زمانی قرتاندوون ..!!".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بۆردومان و پێشێلکارییە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەرێگەی هێزی ئاسمانییەوە لەچەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەت ، چاوپۆشی و بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغداد لەئاست چەند بارەبوونەوەی ئەو هێرش و پەلامارە دوژمنکارانەیە جێگەی پرسیار و نیگەرانییە ..

 

بۆردومان کردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان جگە لەوەی زیان بەجووتیاران و گوندنشینان دەگەیەنێت ، مەترسیەکی گەورەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە ، و پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی مرۆڤایەتییە ..

 

هەمیشە باوەڕم وابووە شکاندن و پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستدرێژی کردنەسەر خاک و خەڵکی ئێمە لەلایەن سوپای تورکیاوە لەبەهێزی ئەوان نیە ، بەڵکو لەبێدەنگی و بێهەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدادە کە ڕێگەی بۆ خۆش کردوون  ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پەلامار بدەن و سڵ لەهیچ شتێک نەکەنەوە ..

 

دوێنێ وویستم ئەم چەند دێڕە بنووسم ، بەڵام بێدەنگ بووم تاکو بزانم هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی دێتە دەنگ ؟ بەداخەوە هەمووان بێدەنگ بوون و منیش دڵنیابوومەوە لە بۆچوونە نەگۆڕەکەی خۆم ..!!

 

باس لە بێهەڵوێستی و بێدەنگی بەرپرسانی هەرێم ناکەم ، چونکە دەزانم ئەوان گوێچکەکانیان لەگەڵ زریکە و هاواری گەورە و بچووکی ئەم ووڵاتە ڕاهاتووە ، لووتیان پڕ بووە لەبۆنی دووکەڵی کێڵگە و گوندە سوتاوەکانی کوردستان ، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و گرێبەستە 50 ساڵییەکە زمانی قرتاندوون ..!!

 

ئەوەی سەیرە بێهەڵوێستی کاربەدەستانی بەغدادە ، لەکاتێکدا سەرقاڵی نێوەندگیری ووڵاتانی ناکۆکی ناوچەکەن ، بەڵام هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەموو کێشە و گرفتەی نێوان خۆیان و تورکیا ..!!

 

پێویستە هەموو حزبە کوردستانییەکان ئیدانەی ئەو هێرشانە بکەن و ڕێگە نەدەن کە هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی سیاسەتی چەوت و ڕەگەزپەرستانەی نەیارانی گەلەکەمان و تەسفیە حیساباتی کێشە ئیقلیمییەکان ، بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان بەکردار بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسی و حزبی و ئابوورییەکان ، بۆ ئەوەی چیتر کە هاووڵاتی و گوندنیشینانی ئەم هەرێمە خێر لەخۆنەدیوەمان باجەکەی نەدەن ، چونکە هەمووان لەئاست ئەم خاکە و گیانی هاونیشتیمانییان بەرپرسیارێتی مێژوویان لەئەستۆدایە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد