کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند هەر هێرشێک بکرێتەسەر سوپای ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق، کارێکە دژ بە دەوڵەت و جەخت لەوەدەکاتەوە، ئارامی عێراق، ئارامییە بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە. . دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ڕایگەیاند: کاری لەپێشینەیان، دووبارە بونیاتنانەوە و سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانە، داواش لە هەموو پێکهاتەکان دەکات، هەنگاو بەرەو دواوە نەنێن. . بەرهەم ساڵح، نیگەرانی خۆی لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نیشانداوە و باسی لەوە کردووە، عێراق لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردودا بە دۆزەخدا تێپەڕیوەو كۆتا ململانێی لەگەڵ داعشدا كردووە و دەڵێت: نابێت هەوڵەكانی ئێستای عێراق بۆ سەقامگیری بە كەم سەیر بکرێن. . لەبارەی پاشگەزبوونەوەی بڕیارەکەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، سەرۆک کۆمار وتویەتی: "دڵخۆشین بەوەی جەنگ لە ناوچەكە دوورخراوەتەوە، عێراق جەنگێكی دیكەی ناوێت، ئەو كێشەیەش بەڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت." . سەرۆک کۆمار نیگەرانی خۆشی بۆ گەلی ئێران دەربڕیوە و باسی لەوە کردووە، ئێران لەژێر فشارو ئازاردایە، ئەو گرژیی و ئاڵۆزیانەش ئازاری تەواوی ناوچەكە دەدات نەك بە تەنها ئێران. . بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران و عێراق دراوسێی یەكترن و هەزارو 400 كیلۆمەتر سنور لەنێوانیاندا هەیە و پەیوەندی ئابوریش هەردوو وڵات پێكەوە دەبەستێتەوە. . بەرهەم ساڵح باسی لەوەشکردووە، هەر هێرشێك بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق، هاوتایە بە هێرشكردنە سەر سەروەری عێراق و حكومەتەكەی. .