ناس کورد-
ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند، پلان وایە تا کۆتایی ئەم کابینەیە سەرجەم هێزەکانى 70 و 80 بخرێنەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت، لەدوای ئەو هەنگاوە موچە و ئیمتیازاتی ئەو هێزانەش هاوتای وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت و دەخرێنەسەر وەزارەت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى پێشمەرگە، (سێشەممە 24ى ئابى 2021) بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند، "هەنگاوەکان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە و لە ماوەى ئەم مانگەدا چوار لیوا و دوو هێزى پشتیوانى خراونەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە، پلانیش وایە سەرجەم هێزەکانی 70 و 80 بخرێنەسەر وەزارەتی پیشمەرگە."
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ بودجە و ئیمتیازات بە هەمان شێوەى وەزارەت دەبێت و هیچ جیاوازى لە نێوان ئەو هێزانەدا نیە، ڕاستەوخۆ بودجەکانیان دەگوازرێتەوە سەر وەزارەت و موچەکانیان هاوتای وەزارەت دەکرێت.
لەوەڵامى ئەو پرسیارەى بۆچى هەنگاوەکانى یەکخستنى هێزەکان سستن، یاوەر ئەوەى خستەڕوو، ئەو کارە لەماوەى ڕۆژێکدا ناکرێت، هێزەکان زۆرن 160هەزار کەسن دەبێت ڕێکبخرێنەوە، چونکە شیوازیان جیایە .
ڕوونیشیکردەوە، " هەوڵ دەدەین تا کۆتایى ئەم کابینەیە یەکخستنەکە کۆتایی بێت، چونکە وا بەرنامە دانراوە هیچ هێزێک لە دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە نەمێنێت."