ناس کورد-
بەرپرسێکى باڵاى پێشمەرگە پێیوایە داعش لە ئێستادا تواناى کۆنترۆڵکردنى گوندێکیشى نییە و مەترسی زۆرى نییە، ئەوەش جیاواز لە لێدوان و هەڵسەنگاندنى بەشێک لەبەرپرسانى پێشمەرگە کە جەخت لە گەورەبوونى مەترسی ئەو رێکخراوە دەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیوا محەمەد ڕێگر فەرماندەی میحوەری کەرکوک/ پردێی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەکشەممە بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند "بەرپرسانی عێراق دەترسن، هێزیان خستووەتە ئامادەباشیەوە و چەک و تەقەمەنی دابەش دەکەن، گوایە داعش زیندوو بووەتەوە، لەکاتێکدا داعش هەر هەبووە و مەترسیەکەش بەو جۆرە گەورە نیە."
دەربارەی ئەوەی گەر مەترسی نیە، هۆکاری چیە بەرپرسانی عێراق کەوتوونەتە جموجۆڵ، فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"بەو شێوە نیە، داعش توانای نیە، تەنانەت گوندێکیش کۆنترۆڵ بکات."
بێ بایەخ کردنی جوڵەکانی داعش لەلایەن ئەم فەرماندەیەی پێشمەرگەوە لەکاتێکدایە، بەشێکی تر لە فەرماندەکانی پێشمەرگە، داعش بەمەترسی دەزانن، ئاماژەبەوەدەکەن لەشەواندا، زۆربەی گوندەکانیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
بەڵام لیوا موحەمەد وتی "زۆربەی گوندەکان چەکداری حەشد و حەشدی سونی و عەشایەرین، ئیتر گوندەکان چۆن لە شەواندا دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی داعش، ڕاستە بوونیان هەیە، ڕەنگە زیاتریش بن، بەڵام ڕەنگە کاتی خۆ دەرخستنیان لە ئێستادا گونجاو نەبێت."
دەشڵێت "مەترسییان لەسەر یەک شار نیە، نازانم لە شوێنێکەوە کردەیەکی خۆ کوژی یان شتێک بکەن، بەڵام لەمکاتەدا توانای گرتنی گوندێکیشیان نیە."
ئەوە لەکاتێکدایە، سیروان بارزانى فهرماندهی میحوهری شهشی هێزهكانی پێشمهرگه رۆژى ١٠ى ئاب لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى زمانحاڵى پارتى رایگەیاند، داعش رۆژ بە رۆژ بەهێزدەبێتەوە و چەکداریان یەکجار زۆر بووە، بەڵام ئەو بەهێزبوونەوەیە زۆر زۆر خێراتر دەبێت و دەبێتە هۆى نەهامەتى و شکست بۆ هێزە ئەمنیەکانى عێراق لەناوچە سوننە نشینەکان ئەگەر هاوپەیمانان بەتەواوى بکشێنەوە.
وتیشى ئەگەر هاوپەیمانان بەیەکجارى لە عێراق نەمێنن، بەماوەیەکى زۆر نزیک هێرشەکانى داعش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکى سڤیل 10 هێندە زیاد دەکات کە ئێستا رۆژانە بونیان هەیە.