گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

عەلی حەمە ساڵح: دوو کۆمپانیا ساڵانە 80 ملیۆن دۆلار بۆ سۆنەر وەردەگرن

2021.08.22 - 11:30
App store icon Play store icon Play store icon
عەلی حەمە ساڵح: دوو کۆمپانیا ساڵانە 80 ملیۆن دۆلار بۆ سۆنەر وەردەگرن

ناس کورد-

عەلی حەمە ساڵح ئاشکرای کرد، دوو کۆمپانیا، یەکێکیان لە سلێمانی و ئەوی تریان لە هەولێر و دهۆک ساڵانە 80 ملیۆن دۆلار لە سەرجەم بازگە و خاڵە سنورییەکاندا وەردەگرن بە ناوی سۆنەرکردن بۆ بارهەڵگرەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلی حەمە ساڵح لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناردووە (22ی ئابی 2021) دەڵێت، سۆنەری بازگە و خاڵە سنوریەکان "دەرگایەکی گەندەڵی گەورەیە و ساڵانە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار لە سەرجەم بازگە و خاڵە سنوریەکان لە ژێر چەتری کۆمپانیادا لە ئۆتۆمبیل بەتاڵ و بارھەڵگر وەردەگیرێت" و ئاشکرای دەکات کە "ئەمەش بۆ بەرژەوەندی دوو کۆمپانیایە."

 

دەشڵێت، "جگە لە خاڵە سنورییەکان کە بۆ ھەر پشکنینێک لە نێوان 35 بۆ 50 دۆلاردایە، لە بازگەکانیش ئەم پارە ھەر وەردەگیرێت، بۆ نمونە لە بازگەی دێگەڵە ھەر بارھەڵگرێک بە پڕی بێتە ھەولێر (35 ھەزار دینار)ی لێوەردەگیرێت و بەتاڵیش بێت (15 ھەزار دینار) وەردەگیرێت، ئەمە بۆ بازگەکانی دیکە ڕاستە کە دێنە ھەولێر، ھەندێک جار پشکنین ھەر ناکرێت و تەنیا پارە وەردەگیرێت، بەتایبەت بۆ ئەو بارانەی بەرزترە لەئاستی سۆنەرەکە."

 

ڕاشیگەیاند، سەرجەم خاڵی سنوری و بازگەکانی ھەولێر دراوە بە کۆمپانیای "HANDDAWN" و پرسیار دەکات کە "بۆچی حکومەت خۆی ئەم کارە ناکات، بەپێی بەدواداچونی من نرخی یەک ئامێری سۆنەر 100 ھەزار دۆلارە، واتە 10 ئامێر یەک ملیۆن دۆلار دەکات، بەڵام ئەم دوو کۆمپانیای کە یەکیان بۆ سنوری سلێمانییە و ئەوی دیکە بۆ ھەولێر و دھۆک، ساڵانە نزیکە 80 ملیۆن دۆلار لە ھاوڵاتیان وەردەگرن."

 

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردووە کە "چەندین کۆمپانیای دیکە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی لە خاڵە سنورییەکان دامەزراون و مانگانە ملیۆنان دۆلار وەردەگرن."