سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، ئەو ٣٧ کۆچبەرە کوردەی لە دوورگەی لارۆس (Laros) گیریان خواردبوو و مەترسی لەسەر ژیانیان بوو ڕزگارکران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران (شەممە 21ی ئابی 2021) ڕایگەیاند، "پاش ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە دۆخی ئەو ٣٧ پەنابەرە کوردە کە لە دورگەی لارۆس بەجێھێڵراون، دەستبەجێ لە رێگەی نوێنەری دەزگای لوتکە و باڵوێزخانەی عێراق لە یۆنان، ھەوڵەکان لەسەر پۆلیسی دەریاوانی یۆنان چڕکرانەوە و خۆشبەختانە توانرا ھاوکاریان پێ بگەیەندرێت و ڕزگاربکرێن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەو کۆچبەرانە پێکھاتبوون لە ٨ ژن و ٤ منداڵ و ٢٥ پیاو، کە بەداخەوە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە فێڵیان لێکرابوو و بەھۆی ئەوەی چەند رۆژێک لەو شوێنە مابوونەوە و بەھۆی کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە مەترسی کەوتبووە سەر ژیانیان، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کۆس و تەندروستیان باشە"