گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

خوێندنی باڵا: زۆرترین خوێندکار لە زانکۆکان وەربگیرێن

2021.08.21 - 14:44
App store icon Play store icon Play store icon
خوێندنی باڵا: زۆرترین خوێندکار لە زانکۆکان وەربگیرێن

ناس کورد-

وەزیری خوێندنی باڵای ھەرێم دەڵێت، پلانیان ھەیە زۆرترین دەرچووی قۆناغی 12ی ئامادەیی بۆ ئەمساڵی خوێندن لە زانکۆکان وەربگیرێن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان بە میدیای فەرمی یەکێتی (21ی ئابی 2021) ڕایگەیاند، بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕەوشی خوێندنی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشتر دەبێت و دەتوانرێت لەناو ھۆڵەکانی خوێندن وانەکان بخوێنرێت.

 

وتیشی، بۆ ئەمساڵ پلانیان ھەیە زۆرترین دەرچووی قۆناغی 12ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانەوە لە زانکۆکان وەربگیرێن.

 

جەختیکردەوە کە ئەزمونیان لەگەڵ خۆگونجاندن و مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکە پەیدا کردووە و ئەمساڵ دۆخەکە باشتر دەبێت.

 

پێشتر ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ لە زانکۆکانى کوردستان لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە (ناو کەمپەس) دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت.

 

ڕۆژی چوارشەمە، 18ی ئابی 2021، بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت کۆبونەوەى تەواوکارى ئەنجومەنى وەزارەت بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.


بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پلان و بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ساڵى نوێى خوێندن، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندن کە پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە (9/1) بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی زانکۆکان، بەپلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پرۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت و ڕەچاوکردنى مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکانیش.


هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخى دارایى زانکۆکان و پێداویستییەکان کرا بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران کارکراوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە داراییەکانى زانکۆکان و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان، بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن لەهەرێمى کوردستان سەرکەوتو بێت، لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە بۆ پشتگیرى دارایى زانکۆکان و جێبەجێکردنى بەرنامەو پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان و سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن هاوکارى زانکۆکان دەبین.