گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

شیعەكان چارەنووسی وادەی هەڵبژاردن یەكلایی دەكەنەوە

2021.08.19 - 17:45
App store icon Play store icon Play store icon
شیعەكان چارەنووسی وادەی هەڵبژاردن یەكلایی دەكەنەوە

ناس كورد-

ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد كۆبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراوی هێزە شیعییەكان ئەوە یەكلایی دەكاتەوە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەكرێت كە 10 تشرینی یەكەمی داهاتووە، یان دوادەخرێت بۆ ساڵی ئایندە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبود عیساوی ئەندامی ئیئتیلافەكە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (19ی ئابی 2021) دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكی چەند ڕۆژی پێشوودا بیرۆكەی دواخستنی هەڵبژاردن خراوەتەڕوو". 

 

بەگوتەی عیساوی "كشانەی سەدرییەكان دەرگای داواكاری بۆ دواخستن خستووەتە سەر پشت بەتایبەت كە ئەوان تێبینی ئەمنییان هەیە و داوای دواخستن دەكەن". 

 

پەرلەمانتارەكەی مالیكی باس لەوە دەكات ئەوان لەگەڵ دواخستن نین، بەڵام لە كۆبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراوی ماڵی شیعەدا چەند ڕۆژی داهاتوو ئەو بابەتە بەلایەكدا دەخرێت و دواتر ئەنجامەكەی لەگەڵ كورد و سوننە تاوتوێ دەكرێت. 

 

هەڵبژاردنی پێشوەختە

 

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت. ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە، 9 كورسیشییان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە و 1 كورسی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی و كوردانی فەیلییە لە كوت.