گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیار لەسەر شێوازی خوێندنى ئەمساڵى زانکۆکان درا

2021.08.18 - 19:52
App store icon Play store icon Play store icon
بڕیار لەسەر شێوازی خوێندنى ئەمساڵى زانکۆکان درا

ناس کورد-

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى نوێى خوێندن و دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن ئامادەکارى پێویستى ئەنجامداوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ لە زانکۆکانى کوردستان لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە (ناو کەمپەس) دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ چوارشەمە، 18ی ئابی 2021، بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت کۆبونەوەى تەواوکارى ئەنجومەنى وەزارەت بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.


بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پلان و بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ساڵى نوێى خوێندن، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندن کە پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە (9/1) بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی زانکۆکان، بەپلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پرۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت و ڕەچاوکردنى مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکانیش.


هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخى دارایى زانکۆکان و پێداویستییەکان کرا بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران کارکراوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە داراییەکانى زانکۆکان و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان، بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن لەهەرێمى کوردستان سەرکەوتو بێت، لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە بۆ پشتگیرى دارایى زانکۆکان و جێبەجێکردنى بەرنامەو پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان و سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن هاوکارى زانکۆکان دەبین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەبارەى هەنگاوە کردارییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى کوردستان، لەلایەن د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لەڕێگەى پریزینتەیشنێک وردەکارى و قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکانى کوردستان خرایەڕو، بەو پێیەى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرەتای دروستبونیەوە جەختی لەگۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی کردوە لە سێکتەری خوێندنی باڵا بە گشتی و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و سیستەمی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەتایبەتى.
لەبارەى جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: یەکێک لە ئامانجە گرنکەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کابینەی نۆیەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەربازبون لە سیستەمى خوێندنى کۆن و کلاسیک و بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانی کوردستان و بە ستانداردکردنی سیستمی خوێندن و پرۆگرامەکان بە ئامانجی گونجاندن و نزیکبونەوە لە ستانداردی سیستەمی خوێندنی زانکۆ پیشکەوتوەکانی جیهان. وتیشى: بەجێبەجێ کردنى تەواوى ئەم سیستمە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەردەکرێت، چونکە دەمانەوێت نەوەی ئێستاو داهاتومان دەرفەتی باشترین و بەرزترین ئاستی خوێندن و فێرکردنیان بۆ برەخسێت.

لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا داواکارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ سود وەرگرتن لە توانا زانستى و مرۆییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاوتوێکراو بڕیاردرا: زانکۆکانى کوردستان بە پەلە لیستى مامۆستایانى زانکۆى بەتوانا و لێهاتو و ئەزمون دەوڵەمەند ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى وەک سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى هەڵبژاردن و سەرپەرشتى کردنى ئەم پرۆسە گرنگەى دیموکراسى کە هەڵبژاردنە رۆڵیان هەبێت.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا چەند بڕگەو ماددەیەکى تایبەت بە پرۆسەى خوێندن و بوارە کارگێڕى و داراییەکان و خوێندکاران و قوتابیان تاوتوێکران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.