کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری یەکێتی ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی پارتی کۆدەبەوە و سێ ناویان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک پێشکەشدەکەن، دەشڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئەو پرسە یەکلادەکەنەوە. . عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کە هاوکات ئەندامی شاندەکەی یەکێتییە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، بە ناس کوردی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە لەپێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەردوولا لەسەر دیاریکردنی ناوێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەگەنە ڕێککەوتن. . ئەو ئەندامەی مەکتەب سیاسی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی ڕەتیکردەوە ناوەکانی ئاشكرابکات، ئاماژەی بەوەشکرد، سێ ناویان پێیە بۆ ئەو پۆستە و دەیخەنە بەردەم شاندەکەی پارتی بۆ ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر کەسێکیان. . سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، شاندەکەی یەکێتی ناوی کاندیدی پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی هەرێمیش پێشکەش بە مەسرور بارزانی دەکەن، عیماد ئەحمەد ئەوەی ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، یەکلاکردنەوەی کێشەی پارێزگاری کەرکوکە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکلاش دەبێتەوە. . لەلایەکى دیکەوە، نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی پارتی و یەکێتی گرنگە، دەشڵێت: "دەبێت هەردوولا کۆتایی بە پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بهێنن، بۆ ئەوەی حکومەتی نویێ هەرێمی کوردستان بە بێ کێشە پێکبهێنرێت، چونکە دەبێت لە ماوەى دوو ڕۆژدا حکومەتى نوێ ڕابگەیەندرێت". . لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە و چەندین کۆبوونەوە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا، تائێستا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنەهێندراوە، کێشەی پارێزگاری کەرکوک لەنێوان یەکێتی و پارتی بە گرێکوێرەى ڕێککەوتنەکانى نێوانیان داندراوە، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ ئەو پرسە لە هەولێر یەکلا بکرێتەوە. . .