گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کێشەى تەکنیکى’’

هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتى خاڵە سنورییەکان ’’نەگەیشتونەتە رێککەوتن’’

2021.08.15 - 23:47
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتى خاڵە سنورییەکان ’’نەگەیشتونەتە رێککەوتن’’

ناس کورد-

 

هەرێمى کوردستان و بەغدا لە رووی تەکنیکیەوە نەگەشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر داهاتە نانەوتییەکان و گفتوگۆ لەنێوانیان بەردەوامە، ئەوەش بەپێی تەلەفزیۆنى سەر بە سەرۆکى حکومەتى هەرێم.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى کەناڵى K24 سەر بە سەرۆکى حکومەت، هەولێر و بەغدا، لە رووی تەکنیکیەوە نەگەشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوەرۆکی یاسای بودجەی 2021، بەڵام ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە بواری نەوتە،  هەردوولا لەسەر بڕی راده‌ستکردنی  نەوت و داهاتی نەوت رێککەوتوون.

 

لاى خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانى عێراق وتى "یەکێک لە برگەکانی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا، رادەستکردنی لەسەدا 50ی، داهاتی خاڵە سنورییەکانە، بەڵام تا ئێستا دانووستاندن لەسەر لایەنی تەکنیکی ئەو برگەیە ماوە، هەولێر و بەغدا لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە گفتوگۆكانیان بەردەوامن".

 

ڕۆژی 11ی تەموزی 2021، یەکەمین بڕە پاره‌ لەمساڵدا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کە بڕی 200 ملیار دینارە خرایه‌ سه‌ر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێر و بڕیارە بۆ ئەم مانگەش هەمان بڕە پارە بنێردرێت.

 

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا (شەممە 14ی ئابی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەمنزیکانە پارەکە دەنێردرێت."   

  

وتیشی، "ناردنی ئەو پارەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و مسۆگەرە."   

  

لەبارەی ترلیۆنێک و 200 ملیاری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، فارس عیسا ئاماژەی بەوەکرد، "لە کۆتایی ساڵ یاخود لەکاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت و حساب دەکرێت ئەگەر هەر زیادەیەک بمێنێتەوە ئەوا بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەگەریش حسابی بەغدا بکەوێتە لای هەرێم ئەوا هەرێم دەیداتەوە و تەسفیە حساب دەکرێت."