گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لابردنى باج

کشتوکاڵى هەرێم ڕێکار بۆ دابەزاندنى نرخى مریشک و ماسى دەستپێدەکات

2021.08.15 - 17:45
App store icon Play store icon Play store icon
کشتوکاڵى هەرێم ڕێکار بۆ دابەزاندنى نرخى مریشک و ماسى دەستپێدەکات

ناس کورد-

 

وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم پێشنیازى لابردنى باج دەکات لەسەر نرخى ئالیک، بەئامانجى دابەزاندنى نرخى مریشک و ماسى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکرد، لەپێناو دابەزاندنی نرخی ئالیک و پاڵپشتی کردنی پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و سامانی ماسی،  نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارای و ئابوری کرد و تێیدا پێشنیاری لابردنی باجی کردووە لەسەر صویا و پرۆتین، کە لەئامادەکردنی ئالیک بەکاردێت.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، لەو رێگەیەوە هەوڵدەدەن نرخی ئالیک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزێنین.

No photo description available.

 

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان (شەممە 14ی ئابی 2021) لەڕاگەیەنراوێکدا  ڕاگەیاند "کەرتی پەلەوەر لەئێستادا بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە، هیچ لایەنێک خۆی ناکات بەخاوەنی ئەم کەرتە، پشتیوانی تەواومان ناکەن بۆ مانەوەو لەسەر پێوەستانی خۆی کە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران خێزان رەخساندوە."  

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەئێستادا بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان بەرزدەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت، لەماوەی چەند مانگێكدا نرخی هەر یەک تۆن عەلەف لە ٤٥٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥٠ دۆلار بەرز بووەتەوە، نرخی هەر یەک جوچک لە ٣٠ سەنتەوە بۆ ٨٥ سەنت بەرز بووەتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی جوچک بگاتە ١ دۆلار کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پرۆژەکان و تێچوی زۆر دەبێت."  

  

ئەوەش خراوەتەڕوو، " لەکاتێکدا مریشک دەچێتە بازاڕەوە کە نرخی ٢٠٠ دینار زیاد دەبێت هەمولایەک نیگەرانیان دەگەیەنن پێمان و ڕێگری لێ دەکرێت بچێتە دەرەوە، ئێمە ماوەی سێ ساڵە داوا لەحکومەت دەکەین نرخ بۆ پەلەوەر دیاری بکات و بەشێوەی سیستماتیک ئەم کەرتە لە هەرەسهێنان و داڕوخان بوەستێنێت."  

  

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان جەختی کردووەتەوە، "لەئێستادا بەهۆی چەندین نەخۆشییەوە رۆژانە لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مردار دەبنەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت، لەئێستادا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی تر هۆڵەکانیان پڕکەنەوە لە جوچک بەهۆی گرانی عەلەف و جوچک ئەمەش وادەکات كەرتەکەمان بەتەواوی ئیفلیج ببێت."  

  

ڕوونیشیکردووەتەوە، "بەوپەڕی توانامانەوە ئەم کەرتەمان لەسەر پێ هێشتووەتەوە، نەمان هێشتووە تائێستا بکەوێت و بەردەوام دەستمان ناوە بەڕوی هەمو وەزارەت و کەسایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ هێشتنەوەی ئەم کەرتە و پشتیوانی کردنمان، بەڵام هەوڵەکانی ئەوان وەک پێویست نییە."  

  

لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ٩٠٠ پرۆژەی بەرهەمهێنانی مریشک هەیە کە خۆی لە ١٣٠٠ هۆڵ دەبینێتەوە جگە لەپڕۆژەی نایاسایی.