گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پۆلیسی خورماتوو بۆ ناس کورد: زیاتر لە 200 چەکداری داعش لە سنورەکە بوونیان هەیە

2019.06.25 - 18:40
پۆلیسی خورماتوو بۆ ناس کورد: زیاتر لە 200 چەکداری داعش لە سنورەکە بوونیان هەیە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح جموجوڵەکانی چەکدارانی داعش لە سنوری قەزای خورماتوو و ناوچەکانی دەوروپشتی بەکۆتا نەهاتووە، بەرپرسێکى ئەمنى قەزاکە دەڵێت، زیاتر لە 200 چەکداری ئەو ڕێکخراوە لەو ناوچەیە بوونیان هەیە. . حسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای خورماتوو، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "جموجوڵەکانی داعش بەردەوامە لە ناوچەکانی (خەشامنە، حلێوە  و زەرگە)ى سەر بە قەزای خورماتوو، شەوی ڕابردووش کامێراکانى چاودێری تایبەت بەهێزەکانمان جموجۆڵێکی چڕی ئەو چەکدارانەی لە دووری 15 کیلۆمەترەوە لە ناوچەی 'زەرگە' دەست نیشانکردووە". . ئەو بەرپرسە ئەوەشى خستەڕوو، پێش چەند ڕۆژێک فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە کوژراوە، بۆیە لە ئێستادا هێزە عێراقییەکان بەردەوام سەرقاڵی کێوماڵکردنی ناوچەکەن، وتیشی: "بەپێى زانیارییە هەواڵگرییەکانمان ژمارەی چەکدارانی داعش بەتایبەتی  لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان 'حلێوە و زەرگە' نزیکەى 200 چەکدار دەبن". . بەوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، ئەو ناوچانەی کە دەکەونە خۆرهەڵاتی قەزای خورماتوو، لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەن و ئارامن، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێش سێ مانگ ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و دژە تیرۆری کوردستان ئەنجامدرا، توانیان چەند چەکدارێکی "ئاڵا سپییەکان" لە ناوچەی پەلکانە بکوژن. . بە گوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، ئێستا قەزای خورماتوو لەڕووی ئەمنییەوە سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکە، بەڵام پێشتر سەر بە ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بوو. . لە ئێستاشدا هەماهەنگى لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و  فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک هەیە، بۆ ئەوەى ناوچەکە لە داعش پاکبکرێتەوە. . .