گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەهیچ جۆرێک ئەم کارە نەکەن’’

ئەلعەرەب: ئێران بە فەیازدا هەڕەشەیەک و ئۆفەرێکی ناردووە بۆ بارزانی

2021.08.14 - 22:37
App store icon Play store icon Play store icon
ئەلعەرەب: ئێران بە فەیازدا هەڕەشەیەک و ئۆفەرێکی ناردووە بۆ بارزانی

ناس کورد- 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەلعەرەب، ئێران بە فالەح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا هەڕەشەیەک و ئۆفەرێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە هەڕەشەکە تایبەتە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ئۆفەرەکەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەدوای چوونەسەر دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لەئێستادا دۆسییەی عێراقیشی دراوەتە دەست، لەو میانەیەدا ئەمڕۆ شەممە 14ی ئابی 2021، ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لە ڕاپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بینویەتی دەڵێت، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پەیامێکی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە و لە کۆبوونەوەیەکدا داویەتی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

 

بەگوێرەی ئەلعەرەب، لە پەیامەکەدا ئەوە هاتووە، "پێویستە هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک نەبێتە لایەن لە ململانێکانی ئەمەریکا و ئێراندا و هەروەها بەهیچ شێوەیەک بیر لەوە نەکەنەوە کە خاکی هەرێم بکەنە پێگەیەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەگەری کشانەوەیاندا لە عێراق." 

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەروەها ئێرانییەکان ئۆفەرێکیشیان داوەتە هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە کە "هەوڵدەدات لەڕێگەی هێزە شیعییەکانی نزیک لە خۆیانەوە کێشە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا چارەسەر بکات، هەروەها جۆرێک لە ئارامی و سەقامگیری لەنێوان هەرێم و گروپە چەکدارەکانی عێراق بێنێتە کایەوە." 

 

هەفتەی ڕابردوو ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستبەکاربوو کە بە کەسێکی نزیک لە ئایەتوڵا خامنەیی، ڕابەڕی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت. 

 

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوەدەکەن، کە ڕەئیسی دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دروست بووە و تائێستا ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەی نەیتوانیوە پڕیبکاتەوە، کە ئەویش یەکخستنی هێزە شیعییەکان و ئاڕاستەکردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق و وڵاتە ئیقلیمییەکان.