ناس کورد-
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بۆ ئەم مانگەش 200 ملیار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات و بەمنزیکانە پارەکە دەنێردرێت، دەشڵێت، ناردنی ئەو پارەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا (شەممە 14ی ئابی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەمنزیکانە پارەکە دەنێردرێت."
وتیشی، "ناردنی ئەو پارەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و مسۆگەرە."
لەبارەی ترلیۆنێک و 200 ملیاری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، فارس عیسا ئاماژەی بەوەکرد، "لە کۆتایی ساڵ یاخود لەکاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت و حساب دەکرێت ئەگەر هەر زیادەیەک بمێنێتەوە ئەوا بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەگەریش حسابی بەغدا بکەوێتە لای هەرێم ئەوا هەرێم دەیداتەوە و تەسفیە حساب دەکرێت."