گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکەم کاردانەوەی ئاڵا تاڵەبانی لەبارەی هەوڵی دورخستنەوەی لە یەکێتی

2021.08.13 - 17:36
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم کاردانەوەی ئاڵا تاڵەبانی لەبارەی هەوڵی دورخستنەوەی لە یەکێتی

ناس کورد-

لەدوای بڵاوبوونەوەى هەواڵی دورخستنەوەى لە لایەن یەکێتییەوە، میدیای لاهور شێخ جەنگی بڵاویکردووەتەوە کە ئاڵا تاڵەبانی لە کێبرکێی هەڵبژاردن ناکشێتەوە و بەردەوام دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میدیای لاهور شێخ جەنگی لە زاری ئاڵا تاڵەبانییەوە بڵاویکردەوە (13ی ئابی 2021)، "بە هیچ شێوەیەک ناکشێمەوە و بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەم، دڵنیام سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکەم".

 

هەر بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئاڵا تاڵەبانی لە سەرۆکایەتی فراکسیۆنی یەکێتی لە عێراق دورخرابێتەوە کە سەرەتای ئەمساڵ و دوو ساڵ پاش هەڵگرتنی بڕیاری سڕكردنی پێی درا. 

 

پێشتر ناس کورد لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، یەکێتی دەستبەرداری ئاڵا تاڵەبانی بووە و چیتر وەک کاندیدی حزبەکە تەماشا ناکرێت و بڕیاری داوە پاڵپشتی نەکات، خۆشی جەخت دەكاتەوە "هیچی وەهای پێنەگەیشتووە".

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەیەكێتیی نیشتمانیی بە "ناس كورد"ی ڕاگەیاند (13ی ئابی 2021)، لێپرسراوانی ئێستای یەكێتی بە ئاڵا تاڵەبانی، کاندیدی ئەو حزبەیان لە کەرکوکیان ڕاگەیاندووە کە "لەگەڵ ئێمە نیت و پشتیوانیت ناكەین."

 

ئاڵا تاڵەبانی، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبەیە لە پەرلەمانی عیراق لە بازنەی یەكی كەركوك لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) خۆی كاندید كردووە.

 

ئەم پێشهاتە درێژكراوەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ناو یەكێتی نیشتمانییە كە بەهۆی كێشەی هاوسەرۆكان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە دروست بووە و بەم هۆیەوە ژمارەیەك لەوانەی لەسەر لاهور شێخ جەنگی ئەژمارن دوور خراونەتەوە.

 

لەسەرەتای قەیرانەكەشەوە (8 تەمموزی 2021) محەمەد تەحسین تاڵەبانی كە برای ئاڵا تاڵەبانییە لە سەرۆكایەتی دەزگای زانیاری بەوەكالەت دوورخرایەوە و چەند كاتژمێرێكیش دەستبەسەركرا.

 

ئاڵا تاڵەبانی بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕیزەكانی یەكێتی و بریاری سڕكردنی هەڵبوەشێنرێتەوە (تشرینی یەكەمی 2018) و دواتر بكرێتە سەرۆكی فراكسیۆن (14 كانوونی دووەمی 2021)، لە رێگەی هاوپەیمانی بەغدای سوننەكانەوە بۆ جاری سێیەم گەیشتەوە پەرلەمانی عێراق.