ناس کورد-
میدیای نزیک لە بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و دەشڵێت، ناوبراو بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە بەپێی مادەی (421) لەسەر فڕاندنی خەڵک و ئەشکەنجەدانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
میدیاکانی نزیک لە ماڵی تاڵەبانی (پێنجشەممە 12ی ئابی 2021) لەزاری ڕۆکان سیروان، پارێزەری سکاڵاکار لەو دۆسییەکە بڵاویانکردووەتەوە، "دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی سکاڵاکانی سەر ڕێبوار جاف، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی، ناڕاست و چەواشەکارییە و ئێستا خەڵکانێکی زۆر دەیانەوێت سکاڵای لەسەر تۆماربکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێبوار جاف لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک وتبووی گوایە ئەمڕۆ پارێزەرەکەی چۆتە بەردەم دادگا و بەڵگەی پێشکەشکردووە و دادگا بڕیاری دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و چاوپۆشی لێکردووە، بەڵام پارێزەری سکاڵاکار دەڵێت، "لێرەوە ڕایدەگەیەنین پاش بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت ئەو هەواڵە سەرلەبەری ناڕاستە و تەنها هەواڵێکە بۆ چەواشەکردن و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەو دەنگۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو سکاڵا زۆرەیە کە ئێمە و کەسانی دیکە ئامادەین لەسەر ڕێبوار جاف تۆماری بکەین لە بەرامبەر ئەو تاوان و دەستدرێژییانەی ناوبراو ئەنجامیداوە لە ڕابردوودا، چونکە لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت سکاڵای لە دژ تۆماربکەن و پەردە لەسەر تاوانەکانی هەڵبدەنەوە”.
میدیای نزیک لە ماڵی تاڵەبانی لەزاری ئەو پارێزەرەوە ئەوەش ڕاگەیاندووە، "دەرکەوتووە کە تا ئێستا ڕێبوار جاف بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە بەپێی مادەی (421) لەسەر فڕاندنی خەڵک و ئەشکەنجەدانیان و پێویستە بە زوترین کات خۆی ڕادەستی دادگا و پۆلیس بکات، بە پێچەوانەوە بچێتە هەر شوێنێک و لە ماڵی هەر کەسێک بمێنێتەوە ئەو کەسەش دەبێتە تۆمەتبار و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت، بۆیە چیتر ڕای گشتی چەواشە مەکەن و ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن”.