گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رونکردنەوەیەکى نوێ لەبارەى نرخى بەنزینەوە دەدرێت

2021.08.11 - 17:14
App store icon Play store icon Play store icon
رونکردنەوەیەکى نوێ لەبارەى نرخى بەنزینەوە دەدرێت

ناس کورد-

 

کۆمپانیاى کار رایگەیاند، بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین پەیوەندى بەئەوانەوە نییە و وەزارتی سامانە سرووشتییەکان بڕ و نرخی بەرهەمە نەوتییەکان دەستنیشان دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆمپانیاکە لەرونکردنەوەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ئاماژەى بەوەکرد، دواى پاڵاوتنى ئەو نەوتەى لەلایەن سامانە سروشتییەکانەوە پێیان دەدرێت، هەموو بەرهەمە نەوتییەکان دەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.

 

جەختیشیکردووەتەوە، وەزارتی سامانە سرووشتییەکان بڕ و نرخی بەرهەمە نەوتییەکان دەستنیشان دەکات و کۆمپانیای کار بە هیچ شێوازێک رۆڵی لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی نرخ و بڕی بەرهەمی بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی نییە.

 

کۆمپانیاى کار رۆژانە لەلایەن سامانە سروشتییەکانەوە  25 هەزار بەرمیل نەوتی خاوى رادەستدەکرێت بۆ ئەوەى بیپاڵێوێت.

 

نرخی یەک لیتر بەنزین لە سلێمانی دوێنێ 25 دینار بەرزبوویەوە و جۆری نۆرماڵی ئەو سوتەمەنییە گەیشتە 800 دینار و چاوەڕێی بەرزبوونەوەى زیاتری نرخەکەشی دەکرێت.    

  

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، ماوەی سێ مانگە بڕێکی کەمتر بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و ئەوەش هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەى نرخەکەیەتی لە بازاڕدا، هەرچەندە چەند هۆکارێکی تری وەک نرخەکە لە بۆرسەی جیهانی و گۆڕانکاری نرخی دۆلار و دینار هۆکاری ترن.    

  

وتیشی، بەنزین هەموو سلێمانی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بۆیە بە فەرمی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە تاوەکو قسە لەگەڵ کونسوڵی ئێران لە سلێمانی و پارێزگاری سنە بکەن بەڵکو بڕێکی زیاتر بەنزین هەناردەی سلێمانی بکەن و کێشەکە چارەسەر بکرێت.    

  

جەختیشی کردەوە "تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە."    

  

بەرزبوونەوەى زیاترى نرخى بەنزین لەکاتێکدایە، مانگى رابردوو چەند بەرپرسێکى ئیدارەى خۆجێی لە پارێزگاى هەولێر جەختیانکردەوە، بەنزین لە نرخێکى نزمدا جێگیر دەکرێت، دواى ئەوەى حکومەت باج لەسەر هاوردەکردنى لادەبات.    

 

شێرکۆ  ئەندامى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمان رۆژى سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، یەکێک لەهۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین ئەوەیە بەنزینی خۆماڵی واتە ئەوەی کەلەپاڵاوگەکانی هەرێم بەرهەم دێت بەنرخی بەنزینی هاوردە دەفرۆشرێت، بەنزینی هاوردەش لەئێستادا تێچووى زۆرە.  

  

وتیشى "هۆکارێکی تر ئەوەیە نرخ کۆنترۆڵ نەکراوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاکانەوە".  

  

شێرکۆ جەودەت باسى لەوەشکرد، دەمێکە لەسەرخەتن لەگەڵ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار  بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە و بەنیازن حکومەت بانگهێشت بکەن.