گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشمەکێشمی هاوسەرۆکان

بارودۆخی یەكێتی لەبەردەم دوو سیناریۆدایە کە هەردووکیان یەکلاییکردنەوەیە

2021.08.10 - 15:44
App store icon Play store icon Play store icon
بارودۆخی یەكێتی لەبەردەم دوو سیناریۆدایە کە هەردووکیان یەکلاییکردنەوەیە

ناس کورد-

لێدوانە دژیەكەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو لەبارەی دوا پەرەسەندنی كێشمەكێشی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەدەوری دوو سیناریۆ چڕ دەبنەوە كە هەردووكیان كۆمەڵێك پرسیاری بێ وەڵامیان لەگەڵدا هاوپێچە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سیناریۆی یەكلاییكردنەوە بە لێكگەیشتن

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "ناس كورد" (10ی ئابی 2021)، ئەگەرەكانی گەیشتن بە لێكگەیشتنێك بۆ ئیدارەدانی ناكۆكییەكانی ناو هاوسەرۆكایەتی یان یەكلاكردنەوەیان بەبارێكی ڕووندا زیاتر لەجارێك لە ناوەندەكانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگییەوە ڕەوانەی میدیا كراوە. بەگوێرەی ئەم سیناریۆیە، ڕادەستكردنی تەواوەتی سەرۆكایەتی بە بافڵ تاڵەبانی بەگوێرەی سەفقەیەك دەبێت كە دەوروبەری لاهور شێخ جەنگی بپارێزێت لە لێپێچینەوە و پاكتاوكردن و بە ئامادەیی خۆی دەبێت لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵام ئەم سیناریۆیە هیچ باس لە پێگە یان ڕۆڵی ئایندەی لاهور شێخ جەنگی ناكات لە ڕیزەكانی یەكێتی كە بەبۆچوونی ماڵی تاڵەبانی دەبێت لەم قۆناغەدا كۆتایی بێت.

 

سیناریۆی یەكلاییكردنەوەی تاكلایەنە
یەكلاییكردنەوەی تاكلایەنەیە لەلایەن ماڵی تاڵەبانییەوە، بەتایبەت پاش ملنەدانی لاهور شێخ جەنگی بۆ گۆڕانكارییەكان، ئەویش بە بەكارهێنانی دوو میكانیزم كە ڕێگای حزبییە بەڕێ بافڵ تاڵەبانی و ڕێگای حكومییە لەڕێی قوباد تاڵەبانییەوە كە وادیارە هەموو دەسەڵاتێكی لە پایتەختەوە پێ درابێت. ئەوەشی ئەم سیناریۆیە زیاتر ڕێتێچووتر دەكات كۆمەڵێك ئاماژەن لەوانەش؛ پێداگری لێدوانەكانی دەباشان لەبارەی بەردەوامی گۆڕانكارییەكان، رەتكردنەوەی لێكگەیشتن، گۆڕانكارییە حزبییە بەردەوامەكان (مەڵبەندی سلێمانی و پۆستەكەی د. میران)، لەگەڵ هەڵمەتە میدیاییەكان.

 

ئاستەنگەكانی بەردەم لاهور شێخ جەنگی

هەندێك لەو چاودێر و كادرانەی قسەیان بۆ "ناس كورد" كرد، باس لەوە دەكەن قایلبوونی لاهور شێخ جەنگی بەرادەستی فەرمییانەی هەموو شتەكان دوو لێكەوتەی لەسەر كەڵەكە دەبێت كە یەكەمیان داننانی ناواخنە بەدروستی هەموو تۆمەتەكان لەوانەش هەوڵی ژەهرخواردكردن و سیخوڕی دانان تا دەگاتە قاچاخچێتی، دووەمیشیان دەستبەرداربوونی ئەو بنكە و هەوادار و دۆستانیە ساڵانێكە هیوای پێداون سەركردایەتییان بكات. لەحاڵەتی ملنەدان و بەرگری كردنیشدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە تا كەی و تاچەند بڕ دەكات بەتایبەت كە خۆی سكاڵای لە بڕینی كۆمەكی پاسەوانەكانی كردووەو لەم ماوەیەشدا لە لایەنە كاریگەرەكانی حزبەوە كە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتییە نەجووڵاون بۆ یارمەتیدانی لە ڕووبەڕوونەوەدا.

 

ئاستەنگەكانی بەردەم ماڵی تاڵەبانی

بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس كورد" هێشتا لاهور شێخ جەنگی، لە كۆمسیۆن دەستبەرداری سەرۆكایەتی هاوپەیمانی كوردستان نەبووە، ئەمەش رێگر دەبێت لە جوڵەی فراوانی قوباد تاڵەبانی، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكانی لیستەكە لە پشكی یەكێتی لە پشكی لاهور بوون، لەمەش كاریگەرتر ئەگەری بایكۆتكردنی دەنگدانە لەلایەن بنكەی جەماوەریی لاهور شێخ جەنگییەوە كە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ئەگەری هەیە زیان لە دەنگی یەكێتی بدات. لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردنیش بنكەی ئەنتی پارتی لاهور شێخ جەنگی میراتێكی قورسە بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی كە پەیوەندی و پێگەی باشیان لە هەولێر هەیە و دانیشتنی چوارمشقییان لەسەر تەختی یەكێتی ئەرك و بەرپرسیارێتی و تەحەداكانی بەردەمیان زیاتر دەكات.

 

زانیارییە یەكلاییەكان

"ناس كورد" ئەوەشی زانیوە لەریزەكانی یەكێتیدا، باوەرێكی زاڵ هەیە كە ئەگەری گەڕانەوە یان مانەوەی لاهور شێخ جەنگی لە سفرەوە نزیكترە بەتایبەت پاش ئاشكراكردنی تۆمەتی ژەهر و سیخوڕیكردین، جگە لەوەش ناكۆكییەكان گەیشتوونەتە "خاڵی نەگەڕانەوە". هەر لەم میانەیەشدا سەرچاوەكانی یەكێتی بەدووری دەزانن سەركردایەتی لەئێستادا كۆبوونەوە بكات و ئاماژەكان بەرەو ئەوەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ماڵی تاڵەبانی هەنگاوی زیاتر بگرنەبەر بەئاراستەی یەكلاییكردنەوەی زیاتر زۆربەی دۆسییەكان، لە ئێستاشدا سەرقاڵی ڕوونكردنەوەی دیدگای خۆیانن بۆ كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتان پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هەڵمەتێكیان لەناو میدیا و لەگەڵ كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی ئەنجام دا.