گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی لە ناس کورد

لاهور جەنگى و بافڵ تاڵەبانى گەیشتنە ’’لێکتێگەیشتن’’

2021.08.08 - 20:05
App store icon Play store icon Play store icon
لاهور جەنگى و بافڵ تاڵەبانى گەیشتنە ’’لێکتێگەیشتن’’

ناس کورد-

 

بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى بە نێوەندگیریی کەسە نزیکەکانیان گەیشتونەتە "لێکتێگەیشتن" کە بە رێکارى حزبى کێشەکانى ئێستا چارەسەر بکرێن، ئەوەش بەوتەى دوو سەرچاوە لەیەکێتى، بەڵام میدیاى ماڵى تاڵەبانى هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک رەتدەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو دوو سەرچاوەیە کە داوایانکرد ناویان نەهێنرێت ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ "ناس کورد" ئاماژەیان بەوەکرد، لێکتێگەیشتنەکە ئەوەیە کەکۆبوونەوەیەکى سەرکردایەتى بکرێت و لاهور جەنگى بە واژۆى خۆى دەستبەردارى هەموو شتێک بێت و پەیامێکى یەکێتیانە بڵاوبکاتەوە و پشتگیریی یەکێتى بکات لە هەڵبژاردندا و خۆى بەتەنها بچێتە دەرەوە و پرسەکە کۆتایی پێبهێنرێت.

 

بەوتەى سەرچاوەکان، لاهور جەنگى چەند مەرجێکى هەبووە، یەکێکیان دەوروبەرى بپارێزرێت و پاکتاو نەکرێن و سزا نەدرێن، لەگەڵ کپکردنى پرسە یاساییەکان.

 

ئەو لێکتێگەیشتە دواى مانگێک دێت لە سەرهەڵدانى کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى بەتایبەتى لەنێوان هاوسەرۆکانى ئەو حزبەدا کە لەگۆڕینى دوو بەرپرسى ئەمنى و سەربازییەوە دەستیپێکرد.

 

زانیارى زیاتر..لاهور جەنگی: هەرگیز بڕوام نەدەکرد ئەمە ڕووبدات

 

تا ئێستا بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى بەفەرمى هیچ شتێکیان لەبارەى ئەو لێکتێگەیشتنە رانەگەیاندووە، بەڵام  لاهور جەنگى ئەمرۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند، پابەندی هەر بڕیارێک دەبێت کە بڕیاری یەکێتیی بێت.

 

وتیشى "بەردەوام دەبم لەسەر هەڵوێستەکانم و ڕێگە بە لێکترازاندن نادەین و بە ئارامی و بە ئاشتی و برایەتی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین بە ڕێکاری حزبی و بە پێی یاسا و پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەکەم و لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی".

 

هەر ئەمڕۆ میدیایەكی سەر بەیەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای حزبەكەوە بڵاویكردەوە ئەو دەنگۆیانەی باس لە لێكنزیكبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەكەن "ڕاست نین" و گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن.   

 

سەرچاوەكە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی نزیك لە ماڵی تاڵەبانی باسی لەوەشكردووە (8ی ئابی 2021) ئەوان سوورن لەسەر گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە و كێشەكانیش خێزانی و كەسێنی نین.   

 

دۆخی یەكێتیی لەپاش 8 تەمموز  

  

ئێوارەی 8 تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی  هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریان گۆڕی كە یەكەمیان كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی و ئەویتریان پۆلاد جەنگی بوو، بەدوای ئەوەشدا بافڵ تاڵەبانی دەستی گرت بەسەر دەزگا میدیایی و حزبییەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەیتری یەكێتی و پرۆسەكەش لەمیدیای ئەم حیزبەوە ناونرا "ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو" و گەیشتە دەركردنی فرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی و دووان لە براكانی و هەندێك لە بەرپرسە نزیكەكانی.     

  

 میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەكانیتری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی و لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی كوڕانی مام جەلال و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێداگرن لەسەر ئەوەی بازنەی دەوروبەری لاهور جەنگی و دووان لە براكانی هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی قاچاخچێتی و پارە سپیكردنەوە و داگیركردنی زەوی و بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانیان بوون بۆ مەرامی شەخسی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوەی بەرامبەری كراوە پیلانگێڕی توركیا و پارتییە و هۆكارەكەشی هاوكاریكردنی بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی بووە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز لەنێوان پارتی و یەكێتی.