ناس کورد-
بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم ڕایگەیاند، بریاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا کۆدیان بۆ وەرگیرا کە نزیکەی 20 هەزار ئۆتۆمبێل بوون، دەشڵێت هێشتا چارەنوسی ئەو ئۆتۆمبێلانە دیارنییە و هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەماوەی ڕابردوودا بە فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاردرا بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و چەکی بێ مۆڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ئەوەش ناڕەزایی ئەو کەسانەی لێکەوتەوە کە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و خوار مۆدێلیان هەیە.
لەوبارەیەوە لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم (شەممە 7ی ئابی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕیارەکەی ماوەی ڕابردووی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ کۆدیان بۆ کراوە و فۆڕمیان پڕکردووەتەوە."
وتیشی، "ئەو ئۆتۆمبێلانە کە نزیکەی 20 هەزار ئۆتۆمبێلن نەک دەستیان بەسەردا ناگیرێت، تەنانەت سزاش نادرێن، بەڵکو بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە بێ سەرەتان و هیچ کۆدێکیشیان بۆ نەکراوە."
هاوکات لەبارەی چارەنوسی ئەو ئۆتۆمبێلانە و پێدانی ژمارە پێیان، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم ڕایگەیاند، "داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە لەوبارەیەوە بڕیارێک بدرێت، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە."