گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکەى بزانە

مەكگۆرك سەردانی عێراق دەكاتەوە

2021.08.07 - 13:54
App store icon Play store icon Play store icon
مەكگۆرك سەردانی عێراق دەكاتەوە

ناس کورد-

ئەفسەرێكی باڵای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت برێت مەكگۆرگ سەردانی عێراق بكاتەوە بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەبارەی چۆنییەتی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و گۆڕانی ئەركیان بۆ ڕاوێژكاری.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەفسەرە باڵاكە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەیەكی قەتەری (العربي الجدید) كە "ناس كورد" بینیویەتی (7ی ئابی 2021) باسی لەوەكردووە لایەن عێراقەوە جەنەراڵ عەبدولئەمیر شەممەری و قاسم ئەعرەجی وەزیری ئاسایش لە لیژنەیەكدان بۆ سەروكاریكردنی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا، بڕیاریشە بەم نزیكانە برێت مەكگۆرك، بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بێتەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی ڕێككەوتننامە عێراقی و ئەمەریكییەكان بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.


لە دوا دیداری كازمی و بایدندا لە واشنتۆن هەردوولا ڕێككەوتن تا كۆتایی ئەمساڵ ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا بگۆڕێت بۆ ڕاوێژكاری و چەك و چۆڵ و كەرەستە سەربازییەكانی شەڕكردن بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی عێراق. ئەم رێككەوتنەش لەلایەن هێزە سەرەكییەكانی عێراقەوە ستایش دەكرێت بەهاوپەیمانێتی فەتحیشیەوە كە نوێنەری سیاسی هێزەكانی حەشدی شەعبییە.

 

هاوکات سەرچاوە سەربازییە عێراقییەكان بە ڕۆژنامەیەكی قەتەرییان ڕاگەیاندووە، بەم نزیكانە كاری هونەری هاوبەشی عێراقی ئەمەریكی بۆ كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكان دەستپێدەكات و بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت.

 

بەگوێرەی لێدوانی ئەفسەرێكی پلەباڵا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق بۆ "العربي الجدید"ی سەر بە دەوڵەتی قەتەر كە "ناس كورد" بینیویەتی (7ی ئابی 2021)، لیژنەیەكی هاوبەش ئەنجامەكانی دیداری بایدن-كازمی جێبەجێ دەكەن كە كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانە تا كۆتایی ئەمساڵ و گۆڕانی ئەركەكاننی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكایە بۆ ڕاوێژكاری.


ئەفسەرەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ناتۆ لە عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە لەوانەش عەینولئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر، لەگەڵ سەربازگەی ڤیكتۆریا لە بەغدا، لەم بنكانەشەوە لەمەولا ئەركی ڕاهێنان و پێشكەشكردنی ڕاوێژ بەهێزە عێراقییەكان جێبەجێ دەكرێت لەگەڵ پێشكەشكردنی زانیاری بە هێزە عێراقییەكان و داواكردنی كۆمەكی سەربازی لە هاوپەیمانان ئەگەر پێویستی كرد.