گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەدواداچونێکى ناس کورد بۆ چاکسازییەکانى ژنانى هەرێم

سزادراوى بێتاوان ئەو منداڵانەی لە زیندانەکانی هەرێمدان و هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەداوە [تایبەت]

2019.06.24 - 19:48
 سزادراوى بێتاوان  ئەو منداڵانەی لە زیندانەکانی هەرێمدان و هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەداوە [تایبەت]
ناس کورد- پشتیوان جەلال لە چاکسازییەکانى ژنانى هەرێم، بەشێک لە زیندانیکراوەکان، بەتایبەت ئەوانەى کێشەى کۆمەڵایەتییان هەیە، منداڵەکانیان گرتۆتە خۆیان، دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمیش بە 'بەندکراوى بێتاوان' ناوى ئەو منداڵانە دەبات. . لەم بەدواداچوونەى ناس کورددا، بۆ ژنانى زیندانیکراو، ناس کورد پەیوەندی بە خانەوادەى چەند ژنێکى زیندانیکراوەوە کرد، بەڵام ئامادەى قسەکردن نەبوون، چونکە بەشێکى کەیسەکان جۆرە تاوانێکن، کە خانەوادەکەیان 'حاشا'ی لێکردوون. .   . ئامارەکانى چاکسازى ژنان لە هەرێمى کوردستان، ژمارەى ئەو چاکسازییانەى هەن بریتین لە سێ چاکسازى، کە دەکەونە هەریەک لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک، لەنێو ئەو چاکسازییانە ژمارەیەک ژن هەن، کە بەتاوانى جۆراوجۆر سزادراون. . لەبارەى ئامارى زیندانیکراوانى نێو چاکسازى ژنانى هەررێم، ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازى کۆمەڵایەتى هەرێم، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "لەنێو هەر سێ چاکسازییەکەى هەرێم، ئەوانەى کە سزادراون و کەیسەکانیان یەکلابوونەتەوە، 68 ژنى سزا دراون". . بوونى ژنانى سزادراو لەنێو زیندانەکاندا ئاسایی دەبیندرێت، چونکە وەک شارەزایانى مافى مرۆڤ ئاماژەى پێدەکەن، ئەوان سزاى ئەو تاوانەیان وەردەگرن کە ئەنجامیان داون، بەڵام ئەوەى بوەتە جێى سەرنج، بوونى منداڵە لەو زیندانانە کە بە "سزادراوى بێتاوان" وەسفدەکرێن. . بەگوێرەى ئامارى چاکسازى هەرێم، ژمارەى منداڵەکان کە لەگەڵ دایکاندا لە چاکسازییەکانى هەرێمن، کەم و زیاد دەکەن، بەڵام لە ئێستادا بەلاى کەمەوە 30 منداڵ لە هەرسێ چاکسازییەکانى هەرێم لەگەڵ دایکیان لە زیندانەکانن. . بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازى کۆمەڵایەتى هەرێم، ئەوەشى ئاشکراکرد، لەنێو ئەو منداڵانە هەموو تەمەنێک هەن، لە مانگى تێدایە تا تەمەنى 10 ساڵ. . "ئەو منداڵانە هەر لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە، زۆربەى ئەوانەشی کە منداڵیان لەگەڵدایە کێشەى کۆمەڵایەتییان هەیە و کەس نایات بەلایاندا، بیناکانیش بەجۆرێکن گونجاو نین و شوێنى تایبەتى تێدا نییە بۆ منداڵان بۆیە تەواوى کاتەکان لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە"، ئەحمەد نەجمەدین واى وت. . وتیشی، بابەتى ئەو منداڵانە، کێشەیەکى یاساییە و پەیوەندى بە دادگاکانەوە هەیە. . . دەستەى مافى مرۆڤ چى دەڵێت لەسەر کەیسی ئەو منداڵانە؟ لە بەدواداچوونەکەى ناس کورددا لەبارەى کەیسى منداڵە بێتاوانەکانى نێو زیندانەکان، وتەبێژى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێم، ئەو منداڵانەى بە بەندکراوى بێتاوان وەسفکرد، وتیشی، لەکاتى سەردانیان بۆ بەدواداچوونى کێشەکانى چاکسازى ژنان لە هەرێم، بۆیان دەرکەوتووە ئەو منداڵانە لەو چاکسازییانە بوونیان هەیە. . محەمەد گۆمەشینى، وتەبێژى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێم، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "ئەو منداڵانەى لەنێو زیندانییەکاندان، بەڕاستى 'بەندکراوى بێتاوانن'، ژمارەى منداڵەکان نەزاندراون، ئەوەى ئێمە بینیمان منداڵەکان بێزاربوون، دایکەکانیش لەو دۆخە بێزاربوون". . "پێویستە شتێک لەشێوەى باخچەى ساوایان و پارک و شوێنى یارى هەبێت، بۆ ئەوەى ئەو منداڵانە هاوشێوەى منداڵانى ئاسایی ژیان بەسەربەرن، دوورنەکەونەوە لە خوێندن و پەروەردە و فێربوون، هەروەها لەڕوى دەرونیشەوە نابێت بهێڵین ئەو منداڵانە بشکێن"، محەمەد گۆمەشینى واى وت. . وتیشی، داواکارییەکانما گەیاندووە، بەڵام چەند هۆکارێکیان بۆ خستونەتەڕوو کە داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، چونکە لایەنى پەیوەندیداریش باسی لەوە کردووە تواناى ئەوەیان نییە بیناکان بگۆڕن و شوێنى بۆ زیاد بکەن. . . مەرجى پەیوەندییە سێکسییەکانى ژنانى زیندانیکراو لەگەڵ هاوسەرەکانیان چۆن دیاریکراوە؟   بەگوێرەى ئەو ڕێسایانەى دیاریکراوە بۆیان، ئەو ژنانەى کە هاوسەرەکانیان پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەیە، مانگى جارێکیان بۆ دیاریکراوە کە دەتوانن پەیوەندییە سێکسییەکانیان جێبەجێبکەن، بەڵام مەرج بۆ ئەو بابەتەش داندراوە. . بەڕێوەبەرى چاکسازى کۆمەڵایەتى هەرێم، ئەوەى خستەڕوو، هاوشێوەى پیاوانى سزادراو، ژنانى سزادراویش مافى ئەوەیان هەیە پیاوەکانیان سەردانیان بکەن بۆ مافى سەرجێی، بەڵام دەبێت ژنەکان بەڵێننامەى ئەوە پڕبکەنەوە کە نابێت بهێڵن منداڵیان ببێت، مانگى جارێک ئەوانەى گرێبەستى هاوسەرگیرییان هەیە ئەو مافەیان پێدەدرێت. . لاى خۆیەوە، شۆخان حەمە ڕەشید، پارێزەرى ڕاوێژکار کە لەبوارى مافى ژنانیشدا کار دەکات، بەناس کوردى ڕاگەیاند، ژنانى زیندانیکراو مافى خۆیانە ئەگەر بیانەوێت لە زیندان، منداڵیان ببێت یان هاوسەرگیرى بکەن. . ئاماژەى بەوەشکرد: "ڕەنگە هۆکارى ئەو ڕێکارەى کە بۆ بابەتى منداڵنەبوون گیراوەتەبەر، ئەوە بێت، حکومەت پلانی نییە، نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بابەتێکى وادا بکات، هەرچۆن بۆ بابەتى لێبوردنى گشتیش ئەڵێن زیندانەکان پڕبوون با لێبوردنى گشتى دەرکەین". .   . لەبارەى پێشێلکردنى مافى ژنانى زیندانیکراو، شۆخان حەمە ڕەشید ئەوەى ئاشکراکرد، کە ژنانى زیندانیکراو زۆرجار مامەڵەى نا مرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها لەبوارەکانى ژیانى ڕۆژانە و مانەوە و ڕێگەدان بە تەلەفۆنکردن مافیان پێشێلکراوە. . لەبارەى سەرجێییکردنى نێوان ژنانى زیندانیکراو لەگەڵ هاوسەرەکانیان، وتەبێژى دەستەى مافى مرۆڤ ڕای جیاوازى هەیە، دەڵێت: "ئەو مافانە بەشێوە گشتییەکەى بەڵێ دابین کراوە، بەڵام کەموکورتى هەیە، ئافرەتێک بەڵێننامەى پێپڕنەکەیتەوە بۆ مەسەلەى منداڵبوون، منداڵى دەبێت کێشەى زیاتر بۆ خۆى و بۆ منداڵەکەش دروستدەکات و منداڵەکەش قوربەسەر دەکرێت، چونکە ئەگەرى هەیە پیاوەکە لە داهاتوودا تەڵاقى بدات". . چاکسازى هەرێم و مافى مرۆڤ و ڕێکخراوەکانى ئەو بوارەش، کۆکن لەسەر ئەوەى باڵەخانەکانى چاکسازییەکانى هەرێم گونجاو نین، داواش دەکەن شوێنى گونجاو بۆ ئەو دایکانە دابینکرێت کە منداڵیان لەگەڵدایە. . سەبارەت بە پێداویستییەکانى ژنان و منداڵانى نێو چاکسازییەکان، بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، ئەو پێداویستییانە لەڕێى ڕێکخراوە بیانى و ناوخۆییەکان بە هاوکارى خودى چاکسازییەکان خۆیان دابین دەکرێت. . .