ناس کورد-
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواوی بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتى عەمرە کردووە و چاوەڕوانى وەڵامى بەغدایە بۆ دەستپێکردنى ناردنى عەمرەکاران بۆ سعودیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژى وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینى بە "ناس کورد" ى راگەیاند، پێشبینى دەکەن بەم نزیکانە گەشتەکان دەستپێبکاتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانى ئەوەن دەستەى حەج و عەمرەى عێراق ئاگاداریان بکاتەوە.
وتیشى مەرج و رێنمایی نوێ دانراوە بۆ عەمرە، لەوانە تەمەنى عەمرەکاران نابێت لە 18 ساڵ کەمتر بێت، دەبێت دوو ژەم ڤاکسینى وەرگرتبێت.
نەبەز ئیسماعیل باسى لەوەشکرد، هەروەها گۆڕانکاریی لە رێوشوێنى مانەوە و گواستنەوەشدا کراوە، بۆ نمونە لەکاتى مانەوە لە هۆتێل دەبێت دوو کەس لەیەک ژوردا بن، گواستنەوەى عومرەکار بەپاس کراوەتە 25 کەس لەکاتێکدا پێشتر 50 کەسى دەگواستەوە، سەرەڕاى بەستنى ماسک و دورى نێوان کەسەکان.
لەبارەى نرخەوە وتەبێژى ئەوقاف باسى لەوەکرد، کۆمپانیاکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دابەزاندنى، بەڵام بەگشتى نرخەکە لە 1200 دۆلارەوە دەستپێدەکات، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەو خزمەتەى کۆمپانیا پێشکەشى عومرەکارى دەکات.