ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی لە بەرژەوەندی خەڵکدان و بەردەوامیش دەبن، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیانەوێت سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئابی 2021، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە کە هەریەک لە رزگار عەلی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمد پیرە، ئاسۆ مامەند، د.سۆران جەمال تاھیر و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئامادەی بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتییەوە هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن."
ئاماژە بەوەشکراوە، بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، " گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین، هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن، پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت."
ئەوەش هاتووە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، " وەک چۆن لە رابردوودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین. دڵنیاییشی دایە ئامادەبووان کە چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین، لێدان لە سەروەری یاسا و سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابوورین و رادەستی دادگای دەکەین."
زیاتر بخوێنەرەوە: چەند پەیامێك لە بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانییەوە لەبارەى دۆخى یەکێتى