کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی ئەزمونەکان ئامادە نین قسە لەسەر گۆڕینی شوێنی ئەو خوێندکارە باڵاپۆشە بکەن کە لە مەراسیمی ناساندنی یەکەمەکاندا دەرکەوت، لیژنەی ئامادەکاری مەراسیمەکەش ڕونکردنەوە دەدات. . دوێنێ یەکشەممە 23ی حوزەیران، لە مەراسیمی ناساندی خوێندکارە یەکەمەکانی دوانزەی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی، یەکێک لە 10 یەکەمەکان کچە خوێندکارێکی باڵاپۆش بوو، لە لایەن ئامادەکارانی مەراسیمەکەوە شوێنەکەی گۆڕا و برایە دواوەی خوێندکارەکان. . سامان سیوەیلی، وتەبێژی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەڕێوەبردنی مەراسیمەکە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نیە، بۆیە هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەن. . وتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی مەراسیمەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکانەوە بووە و ئەوان پەیوەندییان بە بابەتەکەوە هەیە. . لەبارەوە کەریم لەتیف بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە هاوشێوەی وتەبێژی وەزارەت بە ناس کوردی وت: دۆسیەکە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نیە و بەڵکو پەیوەندی بە وەزارەتەوە هەیە. . زەینەب وەهاب محەممەد وەهاب ناوی ئەو کچە خوێندکارە باڵا پۆشەیە ، بە نمرەی 96.29 ئاستی سێهەمی لە بەشە وێژەییەکان بەرکەوتووە. بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو کەسەی شوێنی زەینەب دەگۆڕێت، پێش خولەکێک پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە قسەی لەگەڵ دەکات بەڵام دیار نیە کە ئەو ڕاستەوخۆ پێی وتووە شوێنەکەی بگۆڕێت یان نا، پشتیوان سادق، ئێستا وەزیری بەوەکالەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییە لە حکومەتی کاربەڕێکەی هەرێم. [embed]https://youtu.be/3yhNdUQe8RM[/embed] . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دیمەنی شوێن گۆڕینی زەینەب کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروستکرد، پەرلەمانتارێکی پارتی بە ناوی عەبدوسەلام بەرواری لە نوسینێکدا ئەو کچە خوێندکارەی بە "دەعبا" وەسف کرد، بەڵام لە ژێر فشاری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو پەرلەمانتارە نوسینەکەی سڕیەوە و داوای لێبوردنی کرد. . هاوکات خەدیجە عەبدولجەبار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، داوای لە داواکاری گشتی هەرێم کردووە دۆسیە دژ بەو پەرلەمانتارەی پارتی بکاتەوە بەوپێیەی سوکایەتی بەو کچە خوێندکارە کردووە. .