گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم لەبارەى هاتنی داعش لە تورکیاوە بۆ هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

2021.08.04 - 14:05
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم لەبارەى هاتنی داعش لە تورکیاوە بۆ هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

حکومەتی هەرێم وەڵامی بەرپرسێکی ڕەوتی سەدری دایەوە کە وتبووی چەکدارانی داعش لە تورکیاوە دەچنە هەولێر و پاشان لەوێوە دەچنە دەوروبەری بەغدا و دەڵێت، "لەم جۆرە لێدوانانە کە نەک هیچ سوودێکیان نییە بەڵکو هۆکاریشن بۆ لێکدوورکەوتنەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا (4ی ئابی 2021) دەڵێت، پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بە ناوی حاکم زاملی لە میدیاکاندا تۆمەتێکی کوێرانەی خستووەتە پاڵ هەرێمی کوردستان، کە گوایە "هێڵێكی تیرۆریستی له‌ توركیاوه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ هه‌ولێر و پاشان كه‌ركووك و به‌ره‌و دیاله‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت".

 

دەشڵێت، "ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیمان لەم جۆرە لێدوانانە، کە نەک هیچ سوودێکیان نییە بەڵکو هۆکاریشن بۆ لێکدوورکەوتنەوە و نەمانی متمانەی لایەنە عێراقییەکان، وەبیر هەموو لایەک دەھێنینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بووە و لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە لە بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بە هەزاران کەسی قارەمانمان لە پێناو پاراستن و ئاسایشی کوردستان و عێراق، شەهید و بریندار بوون."

 

باسی لەوەشکردووە کە "ئەم جۆرە لێدوانانە تەنیا خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کەموکورییەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکانی دیکەی عێراق، و باشتر وایە لە جیاتی تۆمەتهەڵبەستن بۆ یەکتری، هەموو لایەک توانا و کۆششیان یەکخەن لە پێناو ئاسایش و ئارامی و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان."

 

زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخوێنەوە:

حاكم زاملی: داعش لە توركیاوە دێنە هەولێر و لەوێشەوە بۆ پشتێنەی بەغدا

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی هاتنی داعش لە تورکیاوە بۆ هەرێم