گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى پێشمەرگە چاوەڕوانە

حکومەت ’’چارەنوسى’’ هێزێکى یەکێتى یەکلایی دەکاتەوە

2021.08.02 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەت ’’چارەنوسى’’ هێزێکى یەکێتى یەکلایی دەکاتەوە

ناس کورد-

وەزارەتى پێشمەرگە چاوەڕوانى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانە بۆ ئەوەى هێزێکى سەر بە یەکەى حەفتاى یەکێتى بەفەرمى بخرێتە سەر وەزارەت، لە چوارچێوەى پڕۆسەى یەکخستنەوەى تەواوەتى هێزەکاندا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هێزەکانى 70 رۆژى (21ی حوزەیرانی 2021) بە نامەیەکى فەرمى بۆ وەزیرى پێشمەرگە رایگەیاند، هێزەکانى پشتیوانى دوو دەخاتە چوارچێوەى هێزە یەکخراوەکانەوە، پاش چەند هەفتەیەک لەهەنگاوێکى هاوشێوەى یەکەى 80ى پارتى.  

 

لیوا قارەمان کەمال جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە بە "ناس کورد"ى راگەیاند، لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڕیارى تایبەت گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەى هێزەکانى پشتیوانى یەکى سەر بە یەکەى هەشتا بخرێنە سەر وەزارەتى پێشمەرگە.

 

وتیشى هەروەها بڕیارى تایبەت بەوەى هێزەکانى پشتیوانى دووى سەر بەیەکەى حەفتا بخرێنە سەر وەزارەتى پێشمەرگە نێردراوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران و چاوەڕوانن بڕیارى کۆتایی لەبارەوە بدرێت.

 

بەوتەى قارەمان کەمال، لەئێستادا هێزەکانى حەفتا و هەشتا سەرقاڵى رێکخستنەوەى لیواکانیانن، وەک ئامادەکاریی بۆ یەکخستنەوەى تەواوەتى هێزەکان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ لیواکانى وەزارەتى پێشمەرگە.

 

لەبارەى سەرکردایەتییە هاوبەشەکانەوە، قارەمان کەمال وتى "چەند پێشنیازێک هەیە و ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێم کراون، بەڵام هێشتا بڕیارى کۆتایی نەدراوە لەبارەیانەوە".

 

هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى ماوەى چەند مانگێکە دەستیانکردووە بەخستنە ژێر رکێفى هێزەکانیان بۆ سەر وەزارەتى پێشمەرگە و تا ئێستا دوو گەورەترین هێزیان خستووەتە چوارچێوەى وەزارەتەوە.  

  

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژى هێزەکانى حەفتاى یەکێتى (23ى حوزەیرانى 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "یەکێتى هێزى پشتیوانى دووى خستووەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە کە گەورەترین هێزى یەکـێتییە لەبەرئەوەى هێزى پشتیوانى دوو لە چەندین کەتیبە پێکهاتووە".  

  

وتیشى، ئەوان هیچ مەرجێکیان نەبووە و نییە بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانیان، بەڵام بۆ ئەوەى وەزارەت سەرکەوتووبێت لە ئەرکەکانیدا و خزمەت بە هێزى پێشمەرگە بکات داوایان کردووە هاوسەنگى و دادوەرى هەبێت لە هەموو بوارەکاندا.  

  

هێزەکانى 70ى یەکێتى لە 28 لیوا پێکدێت و ژمارەیان لە دەوروبەرى 70 هەزار پێشمەرگەدایە و جگە لە هێزى پشتیوانى دوو کە خراوەتە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەوە، سەرجەم لیواکانى دیکەى یەکەکە لەژێر دەسەڵاتى یەکێتیدان.  

  

یەکەى 70ى یەکێتى هاوشان لەگەڵ یەکەى 80ى پارتى دوو گەورەترین هێزن کە تا ئێستا لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە ماونەتەوە.